سەرۆک ترامپ دەسەڵاتی حکومەتی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر دەکات

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە 13ی مانگی هەشت، یاداشتێکی سەرۆکایەتی سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی واژۆکرد کە دەسەڵاتی دەزگا فیدراڵیەکانی فراوانتر کرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی دژی ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان کە بنکەکانیان لە دەرەوەی ئەمەریکایە.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند یاداشتە نوێیەکە فەرمان دەکات بە ناوەندی هەماهەنگی نیشتمانی کە سەر بە هێزی ئەرکی ئاسایشی ناوخۆیە بۆ پەرەپێدانی بەرنامەیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئەلیکترۆنی دژی ئەو تۆڕانەی کە ئەمەریکاییەکان بۆ ساختەکاری و زەوتکردن و تاوانەکانی تری ئۆنلاین دەکەنە ئامانج.

ئەم بەرنامەیە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی داد و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ جێبەجێ دەکرێت و هەروەها ڕێگە بە بەکارهێنانی توانا تەکنیکییەکانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەمەریکا لەلایەن ئەو وەزارەتانەوە دەدات. کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە هەموو ئۆپەراسیۆنەکان لە ژێر ئاڕاستە و کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکومەتی ئەمەریکا و بە پێی یاساکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن.

بەپێی ئامارەکانی کۆشکی سپی، بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 20.8 ملیار دۆلاریان بەهۆی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانەوە لەدەستداوە. بەڕێوبەرایەتی سەرۆک ترامپ دەڵێت کارکردن لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەتوانێت توانای ئەمەریکا بۆ تێکدانی تۆڕە تاوانکارییە بیانییەکان و پاراستنی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.