سیناتی ئەمەریکا 'تاد بلانش'ی وەک وەزیری داد پەسەند کرد

سیناتی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە، تاد بلانش، کاندیدی پێشنیارکراوی سەرۆک دوناڵد ترامپ، بۆ پۆستی وەزیری داد و دادوەری گشتی ئەمەریکا پەسەند کرد.

بلانش، کە پێشتر پارێزەری سەرۆک ترامپ بوو، لە مانگی چوارەوە وەک سەرپەرشتیاری وەزارەتی داد کاری کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە بلانش بە 50 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 49 دەنگی نەخێر لەلایەن سیناتەوە پەسەند کرا. دوو سیناتۆری کۆماریخواز، سوزان کۆڵینز لە ویلایەتی مێن و لیزا مەرکاوسکی لە ئەلاسکا، لەگەڵ سیناتۆرە دیموکراتەکان دژی پەسەندکردنی بلانش دەنگیان دا.

نیویۆرک تایمز دەڵێت، بەهۆی زۆرینەی سنوورداری کۆماریخوازان لە سیناتدا، دژایەتیی کۆڵینز و مەرکاوسکی بۆ ماوەیەک چارەنووسی پەسەندکردنی بلانشی خستبووە ژێر پرسیار.

بەڵام بیڵ کاسیدی، سیناتتۆری کۆماریخواز لە لۆیزیانا، ڕۆژی هەینی پشتیوانی خۆی بۆ بلانش ڕاگەیاند؛ هەنگاوێک، کە ڕێگەی بۆ پەسەندکردنی ئەو لەلایەن سیناتەوە خۆش کرد.