سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە، دوو فەرمانی تایبەتی بە پێدانی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی بەو منداڵانەی لە ئەمەریکا لە دایک دەبن واژۆ کرد.
بە گوێرەی فەرمانی یەکەم ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان بیانین و لەو گرووپانەی خوارەوە ناویان هاتووە، ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان پێ نادرێت تەنانەت ئەگەر لە ئەمەریکاش لە دایک ببن.
فەرمانی یەکەم منداڵانی کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتان لە ئەمەریکا، منداڵانی کەسانی ئەندامی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان و ئەو کەسانەی کە کاری ساختە دەکەن بۆ ئەوەی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی بۆ منداڵەکانیان بەدەست بهێنن دەگرێتەوە.
فەرمانی دووەمی سەرۆکی ئەمەریکا ڕێگری لە بەخشینی ڕەگەزنامە بە منداڵانی ئەو کەسانە دەکات کە بە بیانووی گەشتوگوزار دێنە ئەمەریکا و ئامانجەکەیان لەدایکبوونی منداڵەکەیانە بۆ وەرگرتنی ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی. ئەم هەوڵە لە ڕێگەی قانوونی تایبەت بە ڤیزاوە سنووردار دەکرێت.
ئەگەر کارمەندی ڤیزا لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ داواکاری دووگیاندا گومانی بۆ دروست بێت ئیدی ڤیزاکە پەسەند ناکات.
سەرۆکی ئەمەریکا ئەم فەرمانانەی واژۆ کرد سەرباری ئەوەی کە دادگای باڵای ئەمەریکا لە ڕێککەوتی 30ی مانگی شەشی 2026دا جەختی لەسەر مافی هاووڵاتیبوون لەسەر بنەمای لەدایکبوون کردووەتەوە.
هەر لە کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵادا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە هەنگاوی کرداریی دیکە دەگرنە بەر بۆ ئەوەی کەسانی بیانی ئەم قانوونە وەکو دەرفەتی هاووڵاتیبوون بۆ منداڵەکانیان بەکار نەهێنن.