وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا لە واشنتن کۆبوونەوە

مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی کۆبوویەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانە.

کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و هاوتا بەریتانییەکەی ئێد میلی باند کاتژمێر دەی سەرلەبەیانی بە کاتی واشنتن لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستیپێکرد.

ئەمە یەکەم سەردانی ئێد میلی باندە وەکو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ ئەمەریکا.

لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لەبەردەم پەیامنێراندا بۆ تەوقەکردن و وێنەگرتن ئامادە بوون بەڵام وەڵامی پرسیاری پەیامنێرانیان نەدایەوە. تەنها مارکۆ ڕۆبیۆ گوتی کە دەربارەی ئۆکرانیایش قسە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە کان، بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە دەبن، بەتایبەتی هەماهەنگی و هەوڵی هاوبەش بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمز و گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام.

ئەمەریکا پێشتر ڕەخنەی لە هەندێک لە هەڵوێستەکانی بەریتانیا بەرامبەر حکومەتی ئێران گرتبوو، لەوانە ڕێنەدانی بەریتانیا بە ئەمەریکا بۆ بەکارهێنانی بنکەکانی لە کاتی ئوپەراسیونی سەربازی دژ بە ئێران و بەشدارینەکردنی بەریتانیا لە گەمارۆدانی دەریایی کۆماری ئیسلامی.

لە هەمان کاتیدا ئەمەریکا داوای لە بریتانیا کردووە ڕۆڵی سەربازی چالاکتر و یەکلاکەرەوەتری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت.

هەروەها ئەمەریکا داوا دەکات بەریتانیا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بکات بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی نوێ لە بەریتانیا تا ڕادەیەک سیاسەتەکانی خۆی گۆڕیوە و هەندێک لە هەڵوێستەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هاوبەش بوونەتەوە.

لەوانەش بەریتانیا داوای دابینکردنی ئاسایشی گەرووی هورمز دەکات لە ڕێگەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییەوە و ڕایگەیاندووە کە هەڕەشەکردن لە ئازادی کەشتیوانی لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا هێڵی سوورە و تێڕوانینی دەربارەی ئازادی کەشتیوانی بە تەواوی لەگەڵ واشنتۆندا هاوڕایە.

لە هەمان پەیوەندیدا بەریتانیا کەشتی جەنگی "دراگۆن"ی ڕەوانەی ئاوەکانی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری ئوپەراسیۆنی پاڵپشتی کەشتییە بازرگانیەکان ئامادە بێت.

حکومەتی نوێی بەریتانیا هەروەها ڕێگەی داوە ئەمەریکا بنکەکانی، لەوانە لە قبرس و سان دیێگۆ، بۆ ڕێکارە بەرگریییەکان لە بەرامبەر هەڕەشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە کەشتیوانی نێودەوڵەتی بەکاربهێنێت.

جگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا، بەپێی ڕاپۆرتەکان بابەتی غەززە یەکێکی تر دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوە و گفتوگۆی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئەمەریکا.