سکات بێسنێت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی ڕایگەیاند ڕەنگە ئەمڕۆ یان سبەی واشنتن و کۆماری ئیسلامی ئێران بگەنە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و دەستەبەرکردنی ئازادی تێپەڕین بۆ کەشتییە بازرگانییەکان.
بێسنێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن بی سی وتی "لەگەڵ ئێرانییەکان دانوستان دەکەین، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمڕۆ یان سبەی ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و هەنگاونان بەرەو ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە."
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئێران ڕێگەی پێدەدرێت باج لەو کەشتییانە وەرگرێت کە بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕن، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنەی باسی لێوە دەکرێت لەسەر بنەمای "ئازادی تێپەڕین" دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئامانج دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆیە، هەرچەندە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دۆخی ناوچەکە تاڕادەیەک ئاڵۆز بووە، بەڵام ئێستاش ژمارەیەکی بەرچاو لە کەشتییەکان بەو تەنگەیەدا تێدەپەڕن."
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم لێدوانە، نرخی نەوتی خاوی ئەمەریکا نزیکەی 4% دابەزی و گەیشتە خوار 77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و ئەم دابەزینەش گوزارشت لە کاردانەوەی بازاڕەکانە بەرامبەر بە ئەگەری کەمکردنەوەی گرژییەکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز.