ڕوبیۆ: لوبنانی و ئیسرائیلییەکان بە نێوەندگیریی ئەمەریکا کۆبوونەوە

مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆبوونەوەی حکومەت لە کامپ دەیڤد قسە دەکات

ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەی حکوومەتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ لە کامپ دەیڤد بەڕێوە چوو. سەرەتا سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر چەندین بابەتی گرنگ قسەی کرد، لەوانە ئۆپەراسیۆنی دژی ئێران.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ گەییشتن بە ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ''بەهۆی ئێمەوە بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لوبنانی و ئیسرائیلییەکان بەیەکەوە دانیشتن و گفتوگۆیان کرد. هێشتا کاری دیکە ماوە، بەڵام ئەوەی کرا سەلماندی کە ئاشتی مەحاڵ نییە.''

ڕوبیۆ لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی لوبنان و ئیسرائیلی بە دەستکەوتێکی مەزن بۆ هەمووان و گەیشتن بە ئاشتی پێناسە کرد.

بابەتێکی دیکە کە ڕوبیۆ باسی کرد مژاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بوو. وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند ئەم دادگایە کێشە و مەترسی لەسەر ژیانی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا دروست کردووە.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی هەوڵەکانی وەزارەتی دەرەوە چەند ئەندامێکی ئەو دادگایە کشاونەتەوە و ئەمەش وا دەکات کە متمانەی ئەوتۆی نەمێنێت و بڕیارەکانی مایەی جێبەجێکردن نەبن.

شایەنی باسە، بەهۆی ناڕازیبوونی ئەمەریکا لەو دادگایە تەنیا لە ماوەی مانگێکدا لانیکەم پێنج وڵات لە ئەندامێتی ئەو دادگایە کشاونەتەوە، کە بریتین لە چاد، ڤەنزوێلا، نەیجەر، بورکینا فاسۆ و مالی.