سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی 13ـهەمینی کابینەکەی کە ئەمڕۆ هەنی لە کامپی دەیڤد بەڕێوە چوو، ئاماژەی دا بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و ڕایگەیاند خەریکە "بێئومێد" دەبێت لە کۆماری ئیسلامی.
سەرۆک ترامپ لە کۆبوونەوەکەی کامپ دەیڤد لە ویلایەتی مێریلاند ڕایگەیاند، "ئێران لە پێگەیەکی خراپدایە، ئەوان زۆر جێی متمانە نین و ڕێز لە ڕێککەوتنەکان ناگرن."
لە وەڵامی پرسارێکی ڕۆژنامەوانیی سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان، سەرۆک ترامپ وتی، "فشارێکی زۆریان لەسەر دروست دەکەین و دوای ماوەیەک لاواز دەبن و بچووک دەبنەوە."
سەرۆکی ئەمەریکا کاتێک پرسیاری لەبارەی بەردەوامی دانوستانەکانی ئاشتی لێکرا، بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە چیتر متمانەی پێیان نییە، چونکە هەمیشە ئاگربەست پێشێل دەکەن و "درۆ دەکەن."
ڕاشیگەیاند، "بۆ نمونە، کاتێک لەگەڵ تیمی ئێران گفتوگۆ دەکەین، بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر باسی پرسی ئەتۆمی دەکەین. تیمی ئێران کاتێک دەچنە دەرەوە لە کۆبوونەوەکە، دەڵێن، 'هەرگیز باسی ئەتۆمیمان نەکردووە."
ترەمپ هەروەها باسی لە چەکداماڵینی حەماس کرد و ڕایگەیاند کە ئیسرائیل دڵخۆشە بەم بابەتە. ڕێککەوتنەکەی 'دەستەی ئاشتی' بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ چارەسەری پرسی غەززە دانا.
سەبارەت بە ئۆکراینا، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دڵنیا نییە کە ئایا ڕێگە بەو وڵاتە دەدات مووشەکی پاتریۆت دروست بکات یان نا، هەروەها وتی کە ئەمەریکا پێویستە "زۆر وریا" بێت لە ڕێگەدان بە وڵاتانی تر بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستەمەی ئەمەریکا.
ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا قسەی کردووە سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا و هەردوولا دەیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن.