ئاکسیۆس: ترامپ هەوڵی چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی ئێران دەدات بەڵام ئامادەیە بۆ هێرشی گەورەش

ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.

ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمەڵێک زانیاری خستووەتە ڕوو لەسەر کۆبوونەوەکە کە ماوەی 90 خولەکی خایاندووە.

ئاکسیۆس دەڵێت تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بابەتی ئێران بووە؛ دۆناڵد ترامپ هێشتا پلانی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو وڵاتە بە باش دەزانێت، بەڵام بنیامین نەتانیاهو گومانی هەبووە لەوەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە.

بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی لەناو کۆبوونەوەکە، نەتانیاهو پێشنیازی کردووە کە فشاری ئابووری لەسەر ئێران توندتر بکرێت.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە پێی وا بووە موجتەبا خامنەئی دەسەڵاتەکانی ئێرانی هەمووی لە دەستی خۆیدا کۆ کردووەتەوە و ڕێگە نادات هیچ بڕیارێک بەبێ ڕەزامەندیی ئەو تێپەڕێت.

ئاکسیۆس دەڵێت لەسەر پرسی سوریا ئیسرائیلییەکان بە سەرۆک ترامپیان گوتووە کە تورکیا 5%ـی خاکی سووریای داگیر کردووە و ئەو بەشەی کە ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی دەکات زۆر کەمترە لەوە. لە بەرانبەردا بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەبوونی تورکیا لەو شوێنانە بە ڕەزامەندیی دەستەڵاتی سوریایە.

شایەنی باسە ئەمڕۆ بەیانی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ فۆکس نیوز ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکە زۆر باش بووە.

ئەم کۆبوونەوەیە گرنگیی زۆری بۆ هەردوو وڵات هەبووە چونکە یەکەم کۆبوونەوە بوو لە دوای هێرشەکانی هەردوو وڵات بۆ سەر ئێران لە مانگی دووەوە.