ترامپ: تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە

دۆناڵد ترامپ لە کاتی گەشتەکەی بۆ ویلایەتی مشیگەن

ڕۆژی دووشەممە دۆناڵد ترامپ لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بەخشینی فڕۆکەی ئێف 35 بە تورکیا گوتی ''تورکیا هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە.''

سەرۆک ترامپ لە کاتی چوون بۆ ویلایەتی مشیگەن لەناو فڕۆکەکەی قسە بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و سەبارەت بە تورکیا گوتی کە تورکیا کاری ناوازەی لە سووریا ئەنجام داوە. ئەو لەگەڵ [ئەردۆغان] پەیوەندییەکی دۆستانەی هەیە.

لە بارەی ئەوەی کە ئیسرائیلییەکان حەز ناکەن ئەو جۆرە فڕۆکەیە بە تورکیا بفرۆشرێت، ترامپ گوتی ''کەس ناتوانێت ڕێنمایی ئەمەریکا بکات سەبارەت بە فرۆشتنی چەک.''

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل باش نییە و تورکەکان نەتانیاهۆیان خۆش ناوێت بەڵام دۆستایەتیی بەهێزیان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە.

لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە تورکیا، دۆناڵد ترامپ ستاییشی ئاستی سوپای تورکیای کرد.