سێنتکۆم: سێزدەهەمین شەوی هێرشەکانی سەر ئێران بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە

فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند کاتژمێر 9ی شەوی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن هێزەکانی فەرماندەیی بە سەرکەوتوویی کۆتاییان بە 13هەمین شەوی لەسەریەک هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی هێناوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سێنتکۆم، ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، شوێنەکانی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تۆڕەکانی پەیوەندی، ناوەندەکانی چاودێری کەناراوەکان و توانا دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشەکاندا کراونەتە ئامانج، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو مەترسییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز دروستی دەکات.

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، ڕێڕەوی ئاوی نێودەوڵەتی تەنگەی هورمز بەڕووی کەشتیوانیدا کراوەیە و کەشتییە بازرگانییەکان بە پشتیوانیی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە ئازادی لە تەنگەی هورمزدا هاتوچو دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ئێستادا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاردەکەن.