ڕۆژی پێنجشەممە دۆناڵد ترامپ هاوشان لەگەڵ وەزیری وزەی حکوومەتەکەی پرۆژەیەکی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە زیادبوونی تێچووی کارەبا بەهۆی ژیریی دەستکردەوە ڕاگەیاند.
سەرۆکی ئەمەریکا جگە لە دڵنیاییدان بە هاووڵاتیان، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پێشەنگی ئەمەریکا لە بواری ژیری دەستکرددا، بەو پێیەی، "دەکرێت بوترێت ژیریی دەستکرد گەورەترین شتە کە بینرابێت و هەر لایەنێک لەو پێشبڕکێیەدا بباتەوە، پێشەنگ دەبێت."
لەگەڵ فراوانبوونی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و هاندانی حکومەت لەمبارەوە، کۆمپانیاکان چەندین سەنتەری داتایان پەرە پێداوە کە پێویستی زۆریان بە وزەی کارەبا هەیە. زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا مەترسی زیادبوونی نرخی کارەبای لەسەر هاووڵاتیان دروست کردووە.
ترامپ لە واشنتنی پایتەخت و لە بنکەی سەرەکیی دەزگای پاراستنی ژینگە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە لیی زێڵدن و وەزیری وزەی ئەمەریکا کریس ڕایت گوتارەکەی پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، ''سەنتەری داتاکانی ژیریی دەستکرد بە خێرایی زیاد دەبن و من ڕێگە نادەم بە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا تێچوو لەسەر هاووڵاتییان زیاد ببێت و ئەم کارەش لە ڕێگەی پرۆژەی پاراستنی هاووڵاتییان لە زیادەی تێچووەکانی ژیریی دەستکرد دەکەین.''
بە گوێرەی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی ئەم پرۆژەیە ئامادەکارییە بۆ ئەگەری چاوەڕوانکاروی بەرزبوونەوەی نرخەکان و زیادەی بەکارهێنانی وزە بەهۆی فراوانبوونی ژیریی دەستکردەوە. پرۆژەکە ڕێگە دەگرێت لە زیادبوونی تێچووەکان لەسەر هاووڵاتییان.
ئەم پرۆژەیە لە مانگی سێوە خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەر بەزوویی کۆمپانیا گەورەکانی وەکوو مێتا و سپەیس ئێکس و مایکرۆسۆفت و چەندانی دیکە ڕەزامەندیی خەرجکردنی بودجەی تایبەتییان دا بۆ تێچووەکانی ژیریی دەستکرد.
هەروەها بەڕێوەبەری بەشی زانست و تەکنەلۆژی و یاریدەدەری سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی مایکڵ کراتسیۆس پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ''تێچووی پێشەنگیی ئەمەریکا لە بواری ژیریی دەستکرد هەرگیز نابێت لەسەر گیرفانی هاووڵاتییان دابین بکرێت.''