دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شەوی پێنجشەممە لە وتارێکدا بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە وڵاتەکەمان ئێستا لە جاران سەلامەتتر و بەهێزتر و دەوڵەمەندترە، ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشداین".
سەرۆک ترامپ وتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەیەوێت "بە متمانە و ئاسایشەوە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەڕێوەببات".
ناوبراو پشتگیری لە ڕێوشوێنە نوێیەکانی ئاساشیی هەڵبژاردنەکان کرد و وتی پێویستە سیستمی دەنگدان زیاتر پارێزراو بێت."
بەشێکی وتارەکەی تیشک خستنە سەر چین بوو. ترامپ باسی لەوەشکرد، ئەو بەڵگەنامانەی کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەیەوە بەدەستهاتوون، دەریدەخەن کە چین هەوڵیداوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠دا بکات.
سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە ئێران و ڕووسیاش هەوڵیان داوە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکەن و ئەو ئامێر و کەرەستانەی کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ بەکارهێنراون هەڵە و ناپارێزراو بوون.
سەرۆک ترامپ گوتیشی لە ماوەی چەند ساڵێکدا، لە خولی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ەوە، چین یەکێک لە گەورەترین دزینی داتای پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی لە مێژوودا ئەنجامداوە،" بەپێی زانیارییەکان چین نزیکەی ٢٢٠ ملیۆن تۆماری دەنگدەرانی ئەمەریکی بەدەستهێناوە، لەوانە ناو، ناونیشان، ژمارەی تەلەفۆن، پەسەندکردنی پارتە سیاسییەکان و زانیارییە هەستیارەکانی دیکە."
ڕایشیگەیاند "دەتوانرێت ئەم داتایانە بۆ کاریگەریکردن لەسەر هەڵبژاردنەکان، دروستکردنی تۆماری ساختەی دەنگدەران، یان پشتگیریکردنی چالاکییە زیانبەخشەکانی دیکە بەکاربهێنرێت. ئەم پێشێلکارییە مەترسییەکی جددی بۆ ئاسایشی هەڵبژاردن دروست کردووە. هەروەها ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چین یەکەیەکی تایبەتی ئیستغلالکردنی داتاکانی دروستکردووە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژەیە."
لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020ەوە، ترامپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵبژاردنەکە ساختەکاری لە دژی کراوە. سەرۆکی ئەمەریکا هەرگیز دانى بە شکستدا نەناوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
جۆو بایدن وەک براوەی هەڵبژاردنەکە ڕاگەیەندراو یەک خولی سەرۆکایەتی ئەنجام دا.
ترامپ لە وتارەکەی شەوی پێنجشەممەیدا باسی لەوەشکرد، پێویستە هەموو هاوڵاتیانی ئەمەریکایی سیستمێکی هەڵبژاردنی تەندروست و دادپەروەرانەیان بوێت، هەروەها ئەمە نابێت پرسێکی حزبی بێت و پێویستە ئەمەریکاییەکان یەکبخات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەکەی ئەو ویلایەتانە ئاگاداردەکاتەوە کە چین و ئەوانی دیکە دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەکانیاندا کردووە. ئەو هەڵبژاردنی ڤەنزوێلا کە تیایدا نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی زیندانیکراوی ڤەنزوێلا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، وەک نموونەی هەڵبژاردنێکی ساختە هێنایەوە.
ناوبراو داوای لە کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە پڕۆژە یاسایەکی فیدراڵی پەسەند بکات کە پێویستە دەنگدەران ناسنامەیەکی وێنەیی پیشان بدەن بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.
سەرۆک ترامپ ماوەیەکە داوا لە یاسادانەران دەکات یاسایەک دەربکەن کە بە یاسای پاراستنی ئەمەریکا ناسراوە، کە پێویستە دەنگدەران بەڵگەی وڵاتینامە پێشکەش بکەن لەکاتی ناو تۆمارکردن بۆ دەنگدان و نیشاندانی ناسنامەی پەسەندکراو لە شوێنەکانی دەنگداندا.
ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی دوو بڕگەیەکی پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، هەرچەندە تا ئێستا پشتگیری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات نەبووە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاساکە لەوێ پەسەند بکرێت.
ئەوانەی دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن دەڵێن، ئەو کەسانەی کە بەڵگەنامەی لەدایکبوون یان بەڵگەنامەی دیکەی پێویستیان نییە، مافی دەنگدانیان بێبەش دەکات و حاڵەتەکانی دەنگدانی ساختە لەڕادەبەدەر دەگمەنن.
بە پێی یاسای فیدراڵی ئەمەریکا پێویستە دەنگدەر هاووڵاتی ئەمەریکا بێت بۆ هەڵبژاردنی نیشتنمانی.
ترامپ سەبارەت بە ئابوری ڕایگەیاند ئابوری پتەو دەکەینەوە و هەلومەرجی باشتر بۆ کرێکارانی ئەمەریکایی دەخوڵقێنین.
ترامپ باسی لەوەش کرد کە ئەم ڕێوشوێنانە بە ئامانجی زیادکردنی داهاتی کرێکاران و بەهێزکردنی ئابووری ناوخۆیە.
لە بەرەی پیشەسازیدا، ترەمپ داوای لە ئەمەریکییەکان کرد بەرهەمەکانی "دروستکراوی ئەمەریکا" بکڕن و ڕایگەیاند، هێنانەوەی کارگەکان بۆ وڵاتەکە هەلی کار و دەرفەتی نوێ دەڕەخسێنێت.
لە کۆتایی وتارەکەشیدا گوتی ئێمە هەڵبژاردنەکانمان دەپارێزین و ئابووریمان گەشە پێدەدەین و هەمیشە ئەمەریکا لە پێشەوە دەهێڵینەوە.