سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند"هێرشە سەربازییەکانی ئەمەریکا دژی ئێران بەردەوام دەبن 'تا ئەو کاتەی خۆم دەڵێم بەسە، هەروەها هۆشداری دا کە هێزەکانی ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو هێرشەکان بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزە فراوان دەکەن.
سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز گوتی:"ئەمشەو زۆر بە توندی لێیان دەدەین، سبەی شەویش زۆر بە توندی لێیان دەدەین."
ترaمپ وتی هێرشەکان توندتر دەبن مەگەر ئێرانییەکان بێنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمەریکادا بکەن، گوتیشی"تاکە ڕێگەیەک کە دەکرێت دانوستان لەگەڵ ئەم کەسانە بکەیت لەڕێگەی هێزەوەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد" هەفتەی داهاتوو زۆر خراپ تر دەبێت بۆیان، چونکە کارەبایان دەکرێتە ئامانج. پردەکانیش دەکرێنە ئامانج. هەموو کارەبا و هەموو پردەکانیان لەکار دەخەین، تەنها مەگەر بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان."
سەرۆک ترەمپ هەروەها وتی لە کۆتاییدا سوپای ئەمەریکا دامەزراوەکانی وزەش دەکاتە ئامانج .
ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند" ئێران کۆنترۆڵی تەنگەی هۆرمز ناکات و ڕێڕەوی ئاوی هێشتا کراوەیە."
سوپای ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد هێرشەکانی دژی ئێرانی توندتر کردەوە بۆ ئەوەی توانای سوپای سەربازی ئێران زیاتر لاواز بکات.
براد کوپەر فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا گوتی ئەو هێرشانە وەڵامێکن بۆ هێرشەکانی ئێران دژی کەشتییە بازرگانییەکان و ئامانجە مەدەنییەکان لە ناوچەکەدا.
براد کوپەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی" هێزەکانی ئێران لە ماوەی حەوت ڕۆژی ڕابردوودا «بە ئەنقەست» مووشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوانەیان ئاراستەی وڵاتانی ناوچەکە کردووە کە هاووڵاتیانیان بە ئامانج گرتووە، هەروەها حەوت کەشتیی بازرگانی کرانە ئامانج، کە بوونە هۆی کوژران، بێسەروشوێن بوون یان برینداربوونی نزیکەی دە کەس لە ئەندامانی خزمەتگوزاری سڤیل
ئێران ڕۆژی چوارشەممە هێرشێکی نوێی مووشەکی و فرۆکەی بێفڕۆکەوانی لە دژی ئۆردن، بەحرەین و کوەیت ئەنجام دا. هێزەکانی ئۆردن ڕایانگەیاند بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بەرپەرچی سێ مووشەکی ئێرانیان داوەتەوە.
کوەیتیش ڕایگەیاند بەرپەرچی هێرشە فرۆکە بێفڕۆکەوانە دوژمنکارەکانی ئێرانی داوەتەوە، لە کاتێکدا بەحرەین گوتی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی توانیویانە بەرپەرچی ژمارەیەک لەو هێرشانە بدەنەوە.