خوشکەکەی لینزی گراهام شوێنی گراهام دەگرێتەوە

دارلین گراهام نۆردن، خوشکی سیناتۆری کۆچکردوو لینزی گراهام، ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخوات و وەک ئەندامێکی نوێی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەست بەکار دەبێت. دەستنیشانکردنی ئەو تەنها دوو ڕۆژ پاش کۆچی دوایی لەناکاوی لینزی گراهامە.

دارلین، خوشکی بچووکی لینزی گراهام، تەمەنێکی گەنجی هەبوو کاتێک دایک و باوکیان کۆچی دواییان کرد و دوای ئەوە لینزی گراهام بەرپرسیارێتی خێزانەکە و بژێوی ژیانی گرتە ئەستۆ. تا کۆتایی ژیانی گراهام پەیوەندییەکی زۆر نزیک و بەهێزی لەگەڵ خوشکەکەیدا هەبوو.

پاش نیوەڕۆی دوێنێ، دووشەمە، پارێزگاری ویلایەتی ساوث کارۆلینا، بە پێی دەسەڵاتە یاساییەکانی خۆی، دارلینی بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکەی لینزی گراهام دەستنیشانکرد. بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دارلین سوێندی یاسایی بخوات و تا سەرەتای ساڵی داهاتوو وەک سیناتۆر کاربکات. بڕیارە سیناتۆرێکی نوێ بۆ ویلایەتەکە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا دیاری دەکرێت.

پێش دەستنیشانکردنی دارلین، سەرۆک دۆناڵد ترامپ و سەرۆکی ئەنجومەنی سینات پشتیوانی خۆیان بۆ دارلین دەربڕیبوو. دارلینیش دوای دەستنیشانکردنی وتی " هەرکاتێ پێوستم بە لینزی برام بووبێت ئەو ئامادەی هەمووشتێک بووە بۆم. باوەڕم وایە ئەمە خواستی ئەوبێت بۆیە دەمەوێت بەم شێوەیە ڕێز لە ڕێبازەکەی بگرم."

لە ڕووی سیاسییەوە، دارلین گراهام نۆردن بە ئەندازەی براکەی ناسراو نییە. ئەو هیچ ئەزموونێکی هەڵبژاردنی گشتی و کاری سیاسی لە ئاستی فیدراڵیدا نییە . لەبەر ئەوە زۆربەی چاودێران وەک سیناتۆرێکی کاتی سەیری دەکەن کە ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە تەواوکردنی ماوەی کارکردنی لینزی گراهام نەک دروستکردنی رێچکەیەکی سیاسی نوێ.

دارلین دوای دەستنیشانکردنی بەڵێنی دا پشتیوانی سەرۆک ترامپ بکات و بەردەوامی بە کاری لینزی گراهام بدات. لینزی گراهام لە ماوەی ساڵانی خزمەتیدا یەکێک بوو لە بەهێزترین دەنگەکانی پشتیوانی لە هاوپەیمانانی ئەمەریکا، بە تایبەتی کورد و ئۆکرانیا. تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە دارلین بیەوێت لەم هەڵوێستانە دوور بکەوێتەوە.

لینزی گراهام لە واشنتن بە یەکێک لە بەهێزترین دەنگەکانی داکۆکیکردن لە کورد ناسرابوو، بە تایبەتی لە عێراق و سوریا. دارلین هێشتا هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرای لەسەر پرسی کورد لە عێراق و سوریا یان سیاسەتی ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخستووەتەڕوو.

هەرچەندە ئەزموونی سیاسی نییە و بیروباوەڕەکانی لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا هێشتا ڕوون نین، بەڵام جەختکردنەوەی بەردەوامی لەسەر کار و رێچکەی لینزی گراهام رەنگە ڕەنگدانەوەی هەمان ئاڕاستە بێت.

هەروەها یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی ئەم ساتەی ئەنجومەنی سینات، پرۆژەیاسایەکی نوێ بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیا کە لینزی گراهام کاری بۆ دەکرد. تەنها چەند ڕۆژ پێش کۆچی گراهام، کۆمەڵێک لە سیناتۆرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی سەرۆک ترامپ لەسەر دەقێکی نوێی پرۆژەیاساکە.

گرنگی ئەم پرۆژەیاسایە لەوەدایە کە تەنها فشار لەسەر ڕووسیا زیاد ناکات، بەڵکو سزای ئەو وڵاتانەش دەدات کە بەردەوامن لە کڕینی نەوت و گازی سروشتی ڕووسیا. پشتگیرییەکی فراوانی لە لایەن ئەندامانی سینات لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات هەیە. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆژەیاساکە بەرەوپێشەوەبچێت و دەنگی لەسەر بدرێت.

دەستنیشانکردنی دارلین گراهام نۆردن هەنگاوێکە بۆ تەواوکردنی کارەکانی لینزی گراهام و رێزگرتن لە زیاتر لە سی ساڵ کاری ئەو لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات. لە شەش مانگی داهاتووشدا ئەوە یەکەم و گەورەترین ئەرکی دارلین دەبێت.