سەرۆک دۆناڵد ترامپ و یاسادانەرانی ئەمەریکا و سەرکردەکانی جیهان ڕێزیان لە سیناتۆری کاریگەر و پارێزکاری کارۆلینای باشوور، لینزی گراهمی کۆماری گرت، دوای ئەوەی نووسینگەی سیناتۆرەکە ڕایگەیاند بەهۆی "نەخۆشییەکی لەناکاو" شەممە لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند "سیناتۆر لینزی گراهم، یەکێک لە مەزنترین کەسەکان و سیناتۆرەکانی کە تا ئێستا ناسیومە، کۆچی دوایی کرد!" سەرۆکی ئەمەیرکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیەڵ سەرلەبەیانی یەکشەممە گوتی، "ئەو هەمیشە کاری دەکرد، و نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینەی ئەمەریکایی بوو. لیندسی زۆر بیری دەکرێت!!!"
نووسینگەی سیناتۆر گراهم لە کاتژمێر دووی بەیانی یەکشەممە بە کاتی واشنتۆن بەیاننامەیەکی بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندبوو کە ئێوارەی شەممە "بەهۆی نەخۆشییەکی کورت و لەناکاوەوە" کۆچی دوایی کردووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، خێزانەکەی "لەم کاتەدا نزاکان بەرز دەنرخێنن و داوای تایبەتمەندی دەکەن لەم قۆناغە سەختە باوەڕپێنەکراوەدا."
گراهم هەرگیز هاوسەرگیری نەکردووە و منداڵی نەبووە.
سەرۆک ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن بەیانی یەکشەممە وتی گراهم ئێوارەی شەممە تەلەفۆنی بۆ کردووە لە نزیکەی کاتژمێر 6:30ی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و هەستی کردووە کە ڕەوشی گراهم باشە. سەرۆک ترامپ مەرگی گراهمی بە "کارەسات" لەقەڵم دا.
گوتیشی " چەن لە دەستدانێکی ئازاربەخشە، ئەو سیاسەتمەدارێکی گەورە بوو، کەسێکی سروشتی بوو، کەم کەسی وا هەیە".
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانس کە پێش ئەوەی بێت بە جێگری سەرۆک لە سینات لەگەڵ گراهم کاری کردبوو، ڕێزی لە لینزی گراهم گرت و ستایشی ژیان و سەرکردایەتی و کاریگەرییەکەی لە سیاسەتی ئەمەریکادا کرد و گوتی "لە سەرەتایەکی سادەوە هاتووە و بووەتە یەکێک لە بەهێزترین یاسادانەران لەنێو بەهێزترین نەتەوەی سەر زەویدا".
گراهام پێشتر پارێزەر و کۆڵۆنێڵی هێزی ئاسمانی و ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی ئاسمانی کارۆلینای باشوور بووە کە کە سەرەتا بە هەڵبژاردنی وەک نوێنەری ویلایەتەکە هاتە ناو سیاسەتەوە.
لە ساڵی ١٩٩٤ وەک ئەندامی کۆنگرێس لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کە چوار خولی تێدا بووە، پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٢دا یەکەم خولی چوار خولی یەک لە دوای یەک بۆ ئەنجومەنی سینات بباتەوە.
گراهام لە چەندین لیژنەی لاوەکی کاریگەردا لە ئەنجومەنی سینات کاری کردووە، لەوانە لیژنەی ئەنجومەنی سینات بۆ تەرخانکردن، لیژنەی دادوەری ئەنجومەنی سینات کە سەرۆکی لیژنەکە بووە، هەروەها لیژنەی ژینگە و کارە گشتیەکانی ئەنجومەنی سینات. بەم دواییەش گراهم سەرۆکی لیژنەی بودجەی سینات بوو.
گراهام لە ساڵی ١٩٥٥ لە شارۆچکەیەکی بچووکی ناوەندی ویلایەتی کارۆلینای باشوور لەدایکبووە کە دایک و باوکی چێشتخانەیەکیان تێدا بەڕێوەدەبرد. ئەو ڕۆڵی کاریگەری لە کۆنگرێس ناسرابوو لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبووە.
گراهام هاوپەیمانێکی بەهێزی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو و داکۆکی لە پشتیوانی سەربازی و دیپلۆماسی بەهێزی ئەمەریکا لە دەوڵەتی جولەکەکان دەکرد. هەروەها ڕەخنەگرێکی توندی ڕژێمی تیرۆری ئێران بوو و لایەنگری دەنگی بڕیاری ترامپ بوو بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ڕژێمە لە مانگی دوودا.
هەروەها سیناتۆری کۆچکردوو یەکێک بوو لە پشتیوانییە سەرەکییەکانی کۆنگرێس بۆ ئۆکرانیا و داکۆکی لە ڕێوشوێنی توندتری ئەمەریکا دەکرد دژی ڕووسیا بەهۆی لەشکرکێشی بۆ سەر دراوسێ بچووکەکەی لە مانگی دووی 2022.
سیناتۆر لینزی گراهم، لە دەمی لێدوانێکیدا لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، 10ی ماگی حەوتی 2026
گراهام چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت لە ئۆکرانیا گەڕابووەوە بۆ ئەمەریکا. ڕۆژی هەینی لە کیێڤ چاوی بە ڤلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کەوت بۆ پەرەپێدانی هەوڵێکی یاسایی دوولایەنەی ئەمەریکا بۆ توندکردنەوەی سزاکانی ڕووسیا بۆ فشارخستنە سەر مۆسکۆ بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکەی دژی ئۆکرانیا.
گراهام ڕۆژی هەینی لە ئۆکرانیا ڕایگەیاند "ئێمە لەگەڵ کۆشکی سپی گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەسەر بەرنوسی پڕۆژە یاسای سزاکانی ڕووسیا کە ئەوان پشتگیری دەکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەبێتە یاسا."
ئەمەش بە دوا دەستپێشخەری گەورەی سیاسەتی دەرەوەیی گراهم دانرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاکێجی سزاکان "ئامراز"ێکە بۆ سەرۆک ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ڤۆلۆدیمیر زیڵێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دڵگرانیی و خەمێکی قوڵی بەهۆی گیان لەدەستدانی لینزی گراهام سیناتۆری ئەمەریکا دەربڕی و بە لایەنگرێکی سەرسەختی ئۆکرانیا و پاڵەوانی ئازادی ناودێری کرد.
لە پرسەنامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایتی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، زیڵێنسکی ڕایگەیاندووە، " لە ناخی دڵەوە" خەمبارە بەو کۆچکەی سیناتۆر گراهم. دەشڵێت ئەو سیناتۆرە " بەرگریکاری ڕاستەقینەی ئازادی و ئەو بەهایانە بوو کە جیهانمان سەلامەتتر دەکەن".
سەرۆکی ئۆکرانیا دەشڵێت گراهم بە درێژایی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەگەڵ ئۆکرانیا وەستاوە و ئاماژەی بەوەدا کە سیناتۆرەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە دە جار سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.
زیڵێنسکی گوتیشی مردنی گراهام نەک تەنها بۆ ئەمەریکا بەڵکو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدەستدانێکی گەورەیە "ئەمەریکا و جیهان سەرکردەیەکی خاوەن ئیرادەیان لەدەستداوە".
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش نووسیویەتی گراهام ژیانی خۆی تەرخان کردبوو بۆ بەرگریکردن لە ئەمەریکا و پتەوکردنی پەیوەندی هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئەمەریکا و پشتیوانیکردن لە جیهانی ئازاد.
وتیشی "ئیسرائیل یەکێک لە گەورەترین هاوڕێکانی لەدەستداوە، ئەمەریکا نیشتمانپەروەرێکی گەورەی لەدەستداوە، منیش هاوڕێیەکی ئازیزم لەدەستداوە."
جۆن تون سەرۆکی زۆرینەی سینات ڕایگەیاند، دڵگرانە بە کۆچی دوایی لینزی گراهمی هاوڕێی و هاوکاری و ستایشی کردووە بۆ دەیان ساڵ خزمەتکردنی لە هێزی ئاسمانی و کۆنگرێس.
تون کە سیناتۆرێکی کۆمارییە لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند ئەو داکۆکیکارێکی بەهێزی ئەمەریکا بوو و هاوپەیمانێکی بەهێزی وڵاتانی ئازادیخواز بوو لە سەرانسەری جیهاندا.
ئیمی کلۆبوچار، سیناتۆری دیموکرات، ڕایگەیاند، بەهۆی مردنی گراهام تووشی شۆک بووە و تیشکی خستە سەر ئامادەیی ئەو بۆ مەترسی سیاسی، لەنێویاندا پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و پەنابەرانی ئەفغانستان.
لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس کلۆبوچار دەڵێت "لینزی ئارەزوویەکی زۆری بۆ ژیان و سینات هەبوو کە وای لێدەکردیت حەز بکەیت لەگەڵیدا دەست بە کاربیت لەسەر پڕۆژە یاسایەک یان لانیکەم مشتومڕی لەسەر بکەیت. ئەو خۆشی هێنایە نێو کارەکەی".
گراهام خۆی کاندید کرد بۆ پێشبڕکێی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ساڵی ٢٠١٦ ، بەڵام دواتر کشایەوە.
ئەو لە مانگی شەش لە هەڵبژاردنی سەرەتایی کۆمارییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو بۆ ئەوەی خۆی بۆ خولی پێنجهەم لە ئەنجومەنی سینات کاندید بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی مێدترێم لە مانگی یازدەی ئەمساڵ. مردنی ئەو بەو مانایەیە کە هێنری مەکماستەر، پارێزگاری کۆمارییەکانی کارۆلینای باشوور سیناتۆرێکی کاتی دەستنیشان بکات بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکەی ئەنجومەنی سینات بۆ ماوەی خولی گراهام کە لە مانگی یەکدا کۆتایی دێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا کۆمارییەکان هەڵبژاردنێکی دیکەی سەرەتایی ئەنجام بدەن بۆ دۆزینەوەی کاندیدێکی جێگرەوە بۆ کورسی سینات.
کۆشکی سپی ڕۆژی یەکشەممە ئاڵای ئەمەریکای بۆ نیوە دابەزاند وەک ڕێزێک بۆ گراهم.