کاربەدەستانی بەحرەین داوا لە هاووڵاتیان دەکەن لە شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین، لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەوە سێ جار زەنگی ئاگادارکردنەوە لە بەحرەین لێدراوە.

کاربەدەستانی بەحرەین داوایان لە هاووڵاتیان کردووە پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بن و لە شوێنە پارێزراوەکاندا بمێننەوە تا ئەو کاتەی دۆخێکی نوێ ڕادەگەیەنرێت.

پێشتر فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی بەحرەین ڕایگەیاندبوو کە بە "ئیرادەیەکی بەهێز و ئامادەیی بەرزی شەڕ"، سیستەمی بەرگری ئاسمانی هێزی بەرگری بەحرەین بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بەرپەرچی ژمارەیەک "هێرشی ئاسمانی خیانەتکارانەی ئێران"ی دایەوە و ڕێگری لێکرد و لەناوی برد.

سوپای بەحرەین جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و موڵک و ماڵی هاووڵاتیان پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.

پێشتر لەشکر و سوپای پاسدارانی ئێران ڕایانگەیاندبوو لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمەریکا هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر کوەیت، قەتەر و بەحرەین ئەنجامداوە.

هێرشەکانی ئەمەریکا دوای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز ڕوویدا.