حەماس بۆ جێبەجێکردنی پلانی ترامپ دەسەڵاتی خۆی لە غەززە هەڵدەوەشێنێتەو

حەماس ڕایدەگەیەنێت دەسەڵات و پێکهاتەی کارگێڕی خۆی لە کەرتی غەززە هەڵوەشاندووەتەوە کە نزیکەی دوو دەیە بەرپرسیار بووە لە بەڕێوەبردنی ئەو کەرتە و دەڵێت دەست دەکات بە پرۆسەی گواستنەوەی کاروبارەکان بۆ "لیژنەی نیشتمانی بەڕێوەبردنی غەززە"، هەنگاوێک کە وەک یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە بەرچاوەکانی ڕێبازی سیاسی گروپەکە چاوی لێدەکرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی حەماس ڕایگەیاندووە محەمەد فەرا، سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کارەکانی حکومەت بە فەرمی دەستی لەکارکێشاوەتەوە و بڕیاری داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەستەیە وهەروەها گواستنەوەی بەرپرسیارێتی ئیداری و حکومی بۆ لیژنەی نیشتمانی بەڕێوەبردنی غەززە.

"لیژنەی بەدواداچوونی کارەکانی حکومەت" بە شێوەیەکی دیفاکتۆ حکومەتی جێبەجێکاری حەماس بوو لە غەززە و لەو کاتەوەی کە گروپەکە کەرتی غەززەی کۆنترۆڵکرد، بەرپرسی کاروباری مەدەنی ناوچەکە بووە. حەماس چەندین جار ڕایگەیاندووە کە دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل ئامادەیە لە ئیدارەی ڕۆژانەی غەززە بکشێتەوە، هەرچەندە پرسی چەکداماڵینی ئەو گرووپە تا ئێستاش یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییە لە دانوستانەکاندا.

بە گوتەی هارەتز و ئەشرق ئەلئەوسەت، ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پێکهاتەیە ئەوەیە کە ڕێگە خۆش بکات بۆ ئەوەی "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە" کارەکان بە ئاسانی جێبەڤی بکات؛ دامەزراوەیەکی تەکنۆکرات کە لە چوارچێوەی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترامپ و بە پاڵپشتی نێوەندگرانی ناوچەکە پێکهێنراوە و بڕیارە بەرپرسیارێتی ئیدارەی مەدەنی غەززە لە ئەستۆ بگرێت.

بەڵام هێشتا ئەم گواستنەوەیە یەکلایی نەکراوەتەوە. بە گوتەی هارتز، تا ئێستا نە ئیسرائیل و نە ئەو دامەزراوانەی بەرپرسن لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی ئەم هەنگاوەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و لە ئەنجامدا بڕیارەکەی حەماس لەم قۆناغەدا وەک پەیامێکی سیاسی بۆ پێشخستنی قۆناغی داهاتووی دانوستانەکان دەبینرێت نەک گواستنەوەی دەسەڵاتی تەواوەتی.

قۆناغی دووەمی پلانی غەززە تیشک دەخاتە سەر پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و داماڵینی چەک لە حەماس. حکومەتی ئەمەریکا هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە داهاتووی پرۆسەی سیاسی بەستراوەتەوە بە چەکداماڵینی حەماسەوە. دۆناڵد ترامپ پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەو گرووپە دەبێت چەکەکانی خۆی ڕادەست بکات و بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

لەبەرامبەردا حەماس بەردەوامە لە پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆی لەسەر چەکەکانی و لە دانوستانەکاندا داوای کردووە بەشێک لە هێزەکانی پۆلیسی خۆی بخرێتە ناو هەیکەلی ئەمنی داهاتووی غەززەوە؛ داواکارییەک کە ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە و هەر ڕۆڵێکی حەماس لە ئیدارەی داهاتووی غەززەدا بەو مەرجە قبوڵ کردووە بە تەواوی لە چەک داماڵرێت.