سەرۆک ترامپ: ناهێڵم باران ئاهەنگەکانی سەربەخۆیی بوەستێنێت

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لە بەردەوامی ئاهەنگەکانی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا، لە کاتێکدا بەهۆی ئەگەری زریان و بارانبارینی بەخوڕەوە مەترسی کەوتووەتە سەر ئەنجامدانی بۆنەکان.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، "زریانەکان بەختی باش بۆ هەر بۆنەیەک لەگەڵ خۆیان دەهێنن و جۆش و خرۆشێکی زیاتر دەدەن بە ئاهەنگەکان!"

ترامپ سووربوونی خۆی لەسەر بەردەوامیدان بە ئاهەنگەکان ڕایگەیاند و وتی چاوەڕوانی نەمانی مەترسی زریانەکان دەکات، تەنانەت "ئەگەر پێویستیش بکات هەتا کاتژمێر 2ـی بەیانی چاوەڕوان بکەین."

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیار بوو سەرۆک ترامپ نزیکی کاتژمێر نۆ و سی خولەکی ئێوارە وتارێک پێشکەش بکات و دواتر کاتژمێر دە و سی خولەک گەورەترین نمایشی یاریی ئاگرین بەڕێوە بچێت.

بەڵام واشنتنی پایتەخت ڕۆژێکی زۆر گەرمی تێپەڕاند، بە شێوەیەک پلەی گەرما گەیشتە نزیکەی 39 پلەی سیلیزی و ئاستی شێ بۆ ڕێژەی 78٪ بەرز بووەوە.

هەروەها دوای کاتژمێر شەشی ئێوارە مەترسی زریانەکان بە شێوەیەک سەریان هەڵدا، کاربەدەستەکانی شارەکە فەرمانیان بە ئامادەبووانی ئاهەنگەکاندا بە چۆڵکردنی گۆڕەپانی نمایشەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ دڵنیایی دا لەوەی مەترسی زریانەکە زوو تێپەڕ دەبێت.

ڕایگەیاند بەهۆی کەشوهەواوە شیانی هەیە وتارەکەی بۆ 11ـی شەو دوابخرێت. "بەڵام گرنگ نییە."

ڕایگەیاند، "ناهێڵم هەندێک باران ئاهەنگەکانی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆییمان بوەستێنێت."

گوتیشی، "شەوی شەممەیە، با هەندێک خۆشی بگێڕین، تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات هەتا درەنگانێکی شەو لە دەرەوە بمێنینەوە."