ئیدارەی ترامپ کۆتایی بە کۆتوبەندە ژینگەییەکانی سەر کەلوپەلی ناوماڵ دەهێنێت

کەلوپەلی ناوماڵ لە فرۆشگاکانی ئەمەریکا

کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ پڕۆژەیەکی پێشکەش کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو کۆتوبەندە ژینگەییەیانەی پێشتر لە پرۆگرامەکانی پاککردنەوەی ژینگەدا خرابوونە سەر کەلوپەلەکانی ناوماڵ.

بەڕێوەبەرایەتییەکە پێی وایە کە ئەم کۆتوبەندانە تێچووێکی زیاتریان لەسەر خەڵکی ئەمەریکا سەپاندووە و بوونەتە هۆی گرانکردنی کەلوپەلەکان و دابەزاندنی توانای کارکردنیان.

ئەم کەلوپەلانەی کە بڕیار وایە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت بریتین لە فڕنی گاز، جلشۆر و وشککەرەوەی جل، گەرمکەرەوەکان، ساردکەرەوە و ئەو ئامێرانەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی ڕۆژانەوە هەیە.

وەزیری وزە کریس ڕایت لەو بارەیەوە گوتی، ''لە ئەمەریکا دەبێت هاووڵاتی مافی ئەوەی هەبێت کە وشککەرەوەیەک بۆ جلەکانی هەڵببژێرێت کە بە یەک خول جلەکانی وشک بکاتەوە نەک ئەوەی هەمان پرۆسە چەند جار دووبارە بکاتەوە.''

بەڕێوەبەرایەتییەکە پێی وایە کە ئەم پرۆژەیە وا دەکات ئامێرەکان بە نرخێکی هەرزانتر بگەنە دەستی هاووڵاتییان.

بە مەبەستی وەرگرتنی ڕای هاووڵاتییان، وەزارەتی وزە پرۆژەکەی لە وێبسایتی سەرەکیی خۆی ڕاگەیاندووە و داوای سەرنج و تێڕوانینی هاووڵاتییان لەو بارەیەوە دەکات پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت و بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.