نەتانیاهو: ڕێککەوتنی سێ قۆڵی دانی بە مافی ئیسرائیل نا بۆ هەبوونی ناوچەی ئەمنی لە لوبنان

بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی شەممە پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی هاوڵاتیانی ئیسرائیل کرد، تێیدا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ لوبنان بە شکستێکی گەورە بۆ ئێران ناوبرد.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئەو لێکتێگەیشتنەدا، ئەمەریکا و لوبنان دانیان بە مافی ئیسرائیلدا نا بۆ هێشتنەوەی ناوچەی ئەمنی لەناو لوبنان هەتا ئەوکاتەی بۆ ئاسایشمان پێویستە."

نەتانیاهو وتیشی، "بەردەوام دەبین لە مانەوەمان لەو ناوچانە هەتا ئەو کاتەی حزبوڵا و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە لە چەک دادەماڵرێن، هەتا ئەو کاتەی هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل لە لوبنانەوە نایەتا ئاراوە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕێککەوتنەکەی بە زەبرێکی گەورە بۆ ئێران و حزبوڵا و تەواوی بەرەی مقاوەمە ناوبرد.

ڕایگەیاند هەنگاوێکی گرنگە بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و ئاشتی لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل.

نەتانیاهو سوپاسی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ و وەزیری دەرەوەی مارکۆ روبیۆی کرد لە هەوڵەکانیان بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە. هەروەها سوپاسی حکومەت و گەلی لوبنانی کرد بۆ "ئەو ئازایەتییەی نیشانیان دا."