Accessibility links

ئەمەریکا هاوکاری بۆ لوبنان دەبەستێتەوە بە چەککردنی حزبوڵا  

ئەو ڕێککەوتنە سێ قۆڵییەی کە شەوی هەینی لە واشنتن لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئیسرائیل و لوبنان واژۆ کرا، بە ڕوونی دەڵێت هەر یارمەتییەکی نوێی ئەمەریکا بۆ لوبنان پەیوەست دەبێت بە چەککردنی تەواوەتی ڕێکخراوی حزبوڵا.

حزبوڵا ڕۆژی شەممە پابەندبوونی بەو ڕێککەوتنە ڕەتکردەوە و بە "شەرمەزاری" بۆ لوبنان ناوی نا.

بە پێی دەقی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی لوبنان پابەند دەبێت بەوەی حزبوڵا و هەموو گرووپە چەکدارە ناحکومییەکانی تر بە تەواوی چەک بکات و تاکە مافی بەکارهێنانی هێز و بەرپرسیارێتی بۆ دابینکردنی ئاسایش بخاتە دەستی دەوڵەت. بۆ ئەم هەنگاوەش، ڕێککەوتنەکە داوا دەکات میکانزمی چاودێری هەڵسەنگاندن بۆ پێشکەوتنی ئاشکرا و ئەنجامی دیاریکراو هەبێت.

خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە دەڵێت حکومەتی لوبنان سەروەری دەستەڵاتی دەگەڕێتەوە بۆ تەواوی خاکی لوبنان و ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو لە ناوچەکان دەکشێتەوە بۆ دەرەوەی سنور، "لە دوای چەکداماڵینی پشتڕاستکراوەی گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان و هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی پەیوەندیداریان."

هەروەها واشنتن و بەیروت پابەند بوون بەوەی ڕێگە لە گواستنەوەی سەرچاوە داراییەکانی بونیادنانەوەی حزبوڵا یان هەر لایەنێکی تری پەیوەندیدار بە گرووپەکە بگرن.

لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەم هەنگاوانە بنەمای سەرەکین بۆ بەهێزکردنی سەروەری لوبنان و پێشخستنی ئارامی و ئاسایشی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەریکا پانەدی دەربڕیوە بە چاودێری وردی ئەم پرۆسەیە.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی حزبوڵا نەعیم قاسم ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند بەستنەوەی پرسی کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بە چەککردنی حزبوڵاوە بریتییە لە "‌بەزاندنی هەموو هێڵە سورەکان."

This item is part of
XS
SM
MD
LG