ئەمەریکا هێرشی وەڵامدانەوەی کردە سەر ئێران

سوپای ئەمەریکا هێرشی "بەهێزی" بۆ سەر ئێران ئەنجام دا، لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکانی دوێنێی ئێران بۆ سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز.

فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئێوارەی هەینی بە کاتی واشنتن ڕایگەیاند، "هێزەکانمان هێرشی ئاسمانیان لە دژی ئێران ئەنجام دا، لە بەرواری 26ی شەش، وەک وەڵامێکی بەهێز بۆ هێرشەکەی دوێنێی سەر کەشتییەکی بازرگانی لە کاتی پەڕینەوەی لە تەنگەی هورمز."

سێنتکۆم ڕایگەیاند فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر بنکەکانی کۆگای مووشەک و درۆن و ڕادارەکانی ئێران.

هێرشە ئاسمانییەکان لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکەی دوێنێی ئێران بوو بۆ سەر کەشتی ئێم ڤی لۆڤلی کە ئاڵای سینگاپوری بەسەرەوە بووە و لە کاتی پەڕینەوەی لە بەنداوەکانی عومان ئێران پێکاویەتی.

سوپای ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند، "دەستدرێژی بێ پاساو بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە پێشێلکارییەکی ڕوونی ئاگربەست بوو. جگە لەوەش، ڕەفتارە مەترسیدارەکانی ئێران بووە هۆی تێکدانی ئازادی کەشتیوانی، لە کاتێکدا هاتووچۆی بازرگانی بە ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەکەدا زیاتر دەبێت."

سێنتکۆم دەشلێت هێزەکانی بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هەماهەنگی و پشتیوانی بۆ ئاسایشی هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی سوپای ئەمریکا بە "ئامادەیی و وریایی" دەمێنێتەوە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون و گوێڕایەڵی هەموو لایەنەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێران.