Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئێران هێرشی درۆنی لە تەنگەی هورمز ئەنجام دا کە پێشێلکاری "گەمژانەی" ئاگربەستە

سەرۆکی ئەمەریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی "پێشێلکارییەکی گەمژانە" لە ئاگربەستی دوو لایەنە و دەڵێت ئێران بە لایەنی کەمەوە چوار درۆنی دژی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز هەڵداوە.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا وەڵامی بۆ ئەو هێرشە دەبێت؟ لە وەڵامدا گوتی، "بۆتان دەردەکەوێت. دڵم بەوە خۆش نەبوو کە دوێنێ ئەو هێرشەیان ئەنجام دا. لە ڕاستیدا چوار هێرشی درۆنییان کردە سەر کەشتییەک و ئێمە سێ لەو درۆنانەمان خستنە خوارەوە. کەشتییەکە هی یەکێک لە هاوپەیمانانمان نەبوو، بەڵام زۆر گرانبەها بوو؛ کەمێک زیانی بەرکەوت بەڵام وێران نەبوو. نابێت ئێران ئەمە بکات. بۆیە بۆتان دەردەکەوێت ئاخۆ وەڵامم دەبێت یان نا."

پێش ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە، دۆناڵد ترامپ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بە کاتی واشنتن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لانیکەم چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری یەک لایەنی دژ بە کەشتییەکانی گەرووی هورمز هەڵداوە. یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە توندی بەر سەقفی سەرەوەی کەشتییەکی گەورە و زۆر گرانبەهای بارهەڵگر کەوتووە."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بەوەی لەو هێرشەدا زیان بە کەشتییەکە کەوتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە نقوم نەبووە و توانیویەتی لە ڕێڕەوی خۆی بەردەوام بێت.

ترامپ هەروەها دەڵێت سوپای ئەمەریکا سێ درۆنی تری ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
دەشڵێت، "بە ڕوونی دیارە کە ئەمە پێشێلکارییەکی گەمژانەیە بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەمان."

سەرۆکی ئەمەریکا هیچ ئاماژەیەکی بە کات و شوێنی هێرشەکە لە گەرووی هورمز نەدا، بەڵام دوێنی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی ئاماژەیان دا بە هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەک لە تەنگەکە، وە ڕایانگەیاند بەهۆیەوە تیمی یۆ ئێن بۆ ئاوە نێودەوڵەتییەکان هەموو چالاکییەکانی بۆ گواستنەوەی کەشتییە گیرخواردووەکان وەستاندووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG