ترامپ ئەنجامدانی "گەورەترین" نمایشی فڕۆکە و یاری ئاگرین بۆ ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئامادەکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی "گەورەترین" نمایشی ئاسمانی لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا و دەڵێت، "ئەگەر ئارەزووی بینینی فڕۆکە و یاری ئاگرین دەکەیت و سەرۆک ترامپت خۆشدەوێت، لە ئاهەنگەکە ئامادە بە."

ئەمەریکا ڕۆژی 4ی حەوت یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی دەکاتەوە. لە واشنتنی پایتەخت و سەرتاسەری ئەمەریکا چەندین بۆنە و ئاهەنگ بەڕێوە دەچن.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لەبارەوە ڕایگەیاند، "نمایشی ئاسمانی چواری حەوت لە پایتەختە مەزنەکەمان، واشنتۆن دی سی، بە جیاوازییەکی زۆرەوە گەورەترین نمایش دەبێت لە مێژووی ئەمەریکادا. سەدان فڕۆکە، بە جۆر و قەبارە و خێرایی جیاوازەوە، نمایش دەکرێن."

ئاهەنگەکە لە کاتژمێر یەک و 15 خولەکی پاشنیوەڕۆ هەتا کاتژمێر 11 و نیوی شەو بەردەوام دەبێت.

بڕیارە ترامپ دەوروبەری کاتژمێر نۆی ئێوارە، بەر لە هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان، وتەیەک پێشکەش بکات.

ترامپ ڕایگەیاند ژمارەی یارییە یاگرینەکان دە ئەوەندەی ئەو ژمارەیە دەبێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ یادکرنەوەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا هەڵدراون.