سوپای ئیسرائیل کوشتنی حەوت ئەندامی حزبوڵای ڕاگەیاند

ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە حەوت ئەندامی حزبوڵایان لە باشووری لوبنان کوشتووە.

بەرگری ئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئەندامانی حزبوڵا، چونکە چەک و تەقەمەنییان لە نزیک هێزەکانمان لە باشووری لوبنان دەگوازتەوە. بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو مەترسییە، کوژراون."

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەو چەکدارانەی حزبوڵا چەکەکانیان دەگواستەوە بۆ ناو باڵەخانەیەک کە وەک بنکەی شەڕ و چاودێری بەکاردەهێنرا.