قەتەر و پاکستان: پێشکەوتنی ئومێدبەخش لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەدەستهاتووە

دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران ڕۆژی دووشەممە لە سویسرا کۆتایی هات و بە وتەی نێوەندگیران، لە کۆتایی هەفتەدا گفتوگۆ تەکنیکیەکان لە هاوینەهەواری بورگنستۆکی سویسرا دەست پێدەکەنەوە.

قەتەر و پاکستان بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لە خولی یەکەمی دانوستانەکاندا "پێشکەوتنێکی ئومێدبەخش"یان بەدەستهێناوە، بەڵام گرژییەکان لەسەر لوبنان و گەرووی هورمز هەروا ماونەتەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن دەوحە و ئیسلام ئابادەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەمەریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لە ماوەی 60 ڕۆژدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەردوولا لەسەر میکانیزمێک ڕێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان و کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووەکەدا، کە ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ دابینکردنی نەوتی جیهانی و گازی سروشتی.

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری دەرەوەی قەتەر وێنەیەکی خۆی لەگەڵ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و جارێد کوشنەر زاوا و ڕاوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا بڵاوکردەوە.

لای خۆیەوە شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵا لە ژێر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد لە شاری بورگنستۆکی سویسرا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.