دەزگای ئێف بی ئای ڕایگەیاند پلانێکی پووچەڵ کردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر پێشبڕکێی زۆرانباری (UFC) کە ڕۆژی یەکشەممە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، وە چەنین کەس لە پەیوەندی بە پلانەکەدا دەستبەسەر کراون.
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ئێف بی ئای، ئەمڕۆ سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەم پێشهاتەی ڕاگەیاند. کاش پاتێل گوتی ئێف بی ئای و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا ڕۆژی 10ی شەش زانیارییان لەسەر ئەو هێرشە پلان بۆ دارێژراوە دەستکەوتووە - واتا چوار ڕۆژ پێش ئەنجامدانی زۆرانبازییەکە لە چەمی باشووری کۆشکی سپی. گوتیشی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هەمەلایەن لەلایەن ئێف بی ئای و هاوبەشەکانی و وەزارەتی داد بووەتە هۆی وەستاندنی ئەو هێرشانە.
شۆن کوران، بەڕێوبەری دەزگات فیدراڵی 'خزمەتگوزاری نهێنی'، لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاند، دەزگاکە بۆ چەندین کاتژمێر کاری کردووە بۆ دەستنیشانکردن و لێپرسینەوە لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە پلانەکە.
ئێف بی ئای ئاماژەی دا بەوەی وردەکاری زیاتر بڵاودەکرێتەوە دوای ئەوەی تۆمەتەکان لە درەنگانی سێشەممەدا بە فەرمی ئاراستەی تۆمەتباران دەکرێن. کاش پاتێل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاپۆرتێکی هەواڵی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز دیجیتاڵی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە پێنج کەس دەستبەسەر کراون، هەروەها پلان هەبووە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پڕ لە تەقەمەنی هێرش بکەنە سەر بیناکانی نزیک لە چالاکییەکە، بە ئامانجی ئەوەی بەشداربووانی چالاکییەکەی کۆشکی سپی بەرەو تیمێکی قەناس بەدەست ڕابکەن، وە تۆمەتبارانی دیکە پلانیان هەبووە هێرش بکەنە سەر دەروازەی کۆشکی سپی.
بەرپرسێکی باڵای جێبەجێکردنی یاسا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ڕاگەیاند پیلانێکی "زۆر ڕژد" بووە.
پێشبڕکێکی زۆرانبازی UFC یەکەم چالاکی وەرزشی بوو لە مێژوودا کە لە کۆشکی سپی ئەنجام درابێت. پێشبڕکێکە هاوکات بوو لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا و گرێدراو بوو بە ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی واژۆکردنی جاڕنامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا.