کۆشکی سپی ئامادەکراوە بۆ میوانداریکردنی پێشبڕکێی هونەری جەنگی تێکەڵاو بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا

بەشی باشووری کۆشکی سپی ئامادەیە بۆ میوانداری کردنی بۆنەیەکی هونەری جەنگی تێکەڵاو لە شەوی یەکشەممە کە بەشێکە لە ئاهەنگەکانی یادی 250 ساڵەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا.

ئەم بۆنەیە هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لە دایکبوونی سەرۆک ترامپ.

ئەمە یەکەم بۆنەی وەرزشی پیشەییە لە گۆڕەپانی کۆشکی سپی ئەنجام بدرێت. چەند هەنگاوێک دوور لە نوسینەگی سرۆک لە کۆشکی سپی کە بە ئۆڤڵ ئۆفیس ناسراوە، پێکهاتەیەکی گەورە ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی زنجیرەیەک شەڕ کە شەوی یەکشەممە لە بەشی باشوری کۆشکی سپی بەڕێوە دەچێت.

ئەو پێشبڕکێیەی هونەری جەنگی تێکەڵاو کە لەلایەن پاڵەوانێتی شەڕی کۆتاییەوە بەڕێوەدەچێت، بەشێکە لە بۆنەکانی 250 ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە بەریتانیا.

جەنگاوەرانی هونەری جەنگی تێکەڵاو لە UFC Freedom 250 شەڕ دەکەن. شەڕی سەرەکی لە نێوان ئیلیا تۆپیورای گورجستان و ئیسپانیا و جەستن گایتێژی ئەمەریکا دەبێت بۆ پاڵەوانێتی لە کێشی سوک. UFC بڕیارە کاتژمێر 8ی ئێوارە بە کاتی پایتەخت دەستپێبکات. شەڕەکانی پێشووتر کە بە ئەندەرکارد ناسراون لە کاتژمێر 5ی ئێوارە دەست پێدەکەن.

سەرۆک ترامپ، کاربەدەستە باڵاکانی حکومەت و هەزاران میوان چاوەڕوان دەکرێت بەشداری ئەو بۆنەیەبن کە بەشێکیان بریتین لە ئەندامانی لەشکریش. پشتیوانانی ئەو وەرزشە دەتوانن لە شاشەی گەورە لە گۆڕەپانی پایتەختی ئەمەریکاشەوە ڕاستەوخۆ بۆنەکە ببینن.

مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێش چالاکییەکە هاوبەشییەکی دیپلۆماسی وەرزشی لەگەڵ دانا وایت سەرۆکی UFC واژۆکرد، کە تیایدا تیشکی خستە سەر هێماکانی ئەنجامدانی شەڕەکان لە کۆشکی سپی.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتی "ئێمە دەمانەوێت خەڵک سەیری ئەم بۆنەیە بکەن و کۆشکی سپی لە پشتیەوە ببینن وەک بەشێک لە ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکاوە. پێموایە وەک دیارییەکە بۆ ئەمەریکاییەکان.ئەمەیە مانای بۆنەکەی ڕۆژی یەکشەممە. دیارییەکە بۆ خەڵکی ئەمەریکا. خەڵک دەتوانن هاوکاتی یادی دامەزراندنی ئەمەریکا ،کۆشکی سپی و پایتەختیان ببینن لەکاتێکدا بەشداری لە ئاهەنگێکی مێژووییدا دەکەن."

لە چالاکییەکەدا بە گشتی حەوت شەڕ بەڕێوەدەچێت لەو گۆڕەپانە کاتییەی کە جێگای نزیکە ی4 هەزار کەس دەبێتەوە.

پاڵەوانی جەنگی تێکەڵاوی ئەمەریکای بۆو نیکەڵ شەڕەکانی کۆشکی سپی بە دەرفەتێکی گەورە ناوبرد و وتی کە لە هەموو ڕووداوەکانی تری وەرزشی جیهانی سەرنجی زیاتر ڕادەکێشن.

نیکەڵ گوتی "مایەی شانازییە کە بتوانم لە پایتەختی وڵاتدا بەشداری پێشبڕکێکە بکەم. هەست دەکەم بۆ من شتێکە کە بە سوپاس و پێزانینێکی زۆرەوە لێی دەڕوانم."

مایکل چاندلەر هاوڕێی جەنگاوەری ئەمەریکایش ڕایگەیاند ئەم چالاکییە مێژووییە و ساتێکی سەرەکییە لە ژیانی وەرزشیدا بۆیو گوتی "بۆ من کە بە ڕەنگی سوور و سپی و شین داپۆشرێم، بۆ من، لە کۆشکی سپییەوە بەرەو هەشتگۆشەکە بڕوم بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەمەریکا، نوێنەرایەتی خۆم بکەم، تەنها نوێنەرایەتی ئەوە بکەم کە من کێم و ئەم وڵاتە بۆ من مانای چییە، ئەمە خەونێکە دێتە دی."