بۆ یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکا یاری زۆرانبازی لە کۆشکی سپی بەڕێوە دەچێت

ڕۆژی یەکشەممە 14ی مانگی شەش چەند زۆرانبازێکی ئەمەریکایی لە مەیدانە نوێیەکەی بەردەم کۆشکی سپی زۆرانبازی دەکەن.

ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکا دەبێت، کە هاوکاتە لەگەڵ لەدایکبوونی 80 ساڵەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ.

مەیدانی کۆشکی سپی بۆ هونەری جەنگی دەکەوێتە چیمەنی بەشی باشووری کۆشکی سپییەوە و چەند هەنگاوێک لە ئۆڤاڵ ئۆفیسی شوێنی دانیشتنی سەرۆکەوە دوورە.

مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە مەبەستی بەڕێوەچوونی ئەم زۆرانبازییە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دانا وایت سەرۆکی ڕێکخراوی پاڵەوانێتیی شەڕە مەزنەکان (UFC) واژۆ کردووە.

وەزیری دەرەوە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، '' ئەمە بەشێکە لە چالاکییەکانی یادی 250 ساڵەی دامەزراندنی ئەمەریکا، هەروەها دیارییەکە بۆ خەڵکەکەمان کە بتوانن کۆشکی سپی لە پەراوێزی ئەم یارییانە ببینن."

لەم چالاکییەی تایبەت بە پاڵەوانێتیی هونەری جەنگی لە کۆشکی سپی، حەوت زۆرانبازی بەڕێوە دەچێت. مەیدانەکە بە شێوەیەکی کاتی دروست کراوە و جێگەی دانیشتنی نزیکەی چوار هەزار کەس کراوەتەوە.