ئیلۆن مەسک بوو بە یەکەم تریلۆنەری جیهان

مەزندە دەکرێت سامانی ئیلۆن مەسک لە ئێستادا بگاتە تریلۆنێک و 100 ملیار دۆلاری ئەمەریکایی، بەمەش سامانەکەی نزیکەی دوو ئەوەندەی داهاتی ئابووری ئێران و عێراق و سوریایە بەیەکەوە.

ڕۆژی هەینی کۆپانیای سپەیس ئێکسی سەر بە ئیلۆن مەسک پشکەکانی لە بازاڕی بۆرسەی نەسدەق کردەوە. بەهای جێگیری هەر یەکێک لەو پشکانە بریتییە لە 135 دۆلار و کۆی گشتی بەهاکە دەگاتە نزیکەی تریلیۆنێک و 77 ملیار دۆلار.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکانی واڵ ستریت، کۆی پشکەکانی سپەیس ئێکس لە کۆتایی ڕۆژی هەینیدا بە ڕێژەی 19٪ بەرزبوونەوە. ئەمەش بە نیشانەیەکی بەهێز دادەنرێت بۆ متمانەی وەبەرهێنەران بە بواری سەتەلایت و ژیری دەستکرد کە سپەیس ئێکس کاریان تێدا دەکات.

دوای نمایشە بەهێزەکەی سپەیس ئێکس لە بازاڕی نەسدەق، چاودێرانی ئابووری بەهای گشتی سامانی ئلۆن مەسکیان لە کۆپانیای سپەیس ئێکس بە 766 ملیار دۆلار و لە کۆمپانیای تەسڵا بە 280 ملیار دۆلار خەمڵاند.

بەگوێرەی گۆڤاری بزنسی فۆربیس، کۆی گشتی سامانی ئیلۆن مەسک لە ئێستادا دەگاتە نزیکەی تریلۆنێک و 100 ملیار دۆلاری ئەمەریکایی.

بەمەش سامانی تایبەتی ئیلۆن مەسک زیاترە لە کۆی سامانی پێنج لە دەوڵەمەندترین ملیاردێرەکانی جیهان و تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی هەریەک لە تایوان و ئێرلەندا و سوید.

بە گوێرەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی جیهانی، تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ساڵی 2024 لە عێراق نزیکەی 280 ملیار دۆلار و لە ئێران 475 ملیار دۆلار و لە سوریا بۆ ساڵی 2022 نزیکەی 23 ملیار و 600 هەزار دۆلار بووە. بەمەش سامانی ئیلۆن مەسک نزیک دەبێتەوە لە دوو ئەوەندەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆی هەر سێ وڵاتەکە بەیەکەوە.

ئیلۆن مەسک لە بنەڕەتدا هاوڵاتی ئەریقای باشورە بەڵام لە ساڵی 2002 بووە خاوەن ڕەگەزنامەی ئەمەریکا و لە ئێستادا شوێنی سەرەکی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی بۆکا چیکای ویلایەتی تەکساسە.