ئەمەریکا سەرۆکی باندێکی سەرەکی ماددەی هۆشبەر و قاچاخ دەکاتە ئامانج

سەرۆکی ئەمەریکا، دۆنالد ترامپ، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە فەنزوێلا سەرکردەی باندی تاوانکاری ترێن دێ ئاراگوایان کوشتووە.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تروس سۆشیال وتی کە فەرمانی داوە بە فەرماندەیی باشووری ئەمەریکا، ساوسکام، بە ئەنجامدانی "هێرشێکی خێرا و کوشندە" دژی هێکتۆر روستنفۆرد گێرێرۆ فلۆرێس ناسراو بە "نینیۆ گێرێرۆ."

واشنتن ئەو باندە بە یەکێک لە "خوێنڕێژترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهان" ناو دەبات.

سەرۆک ترامپ هەروەها ئاماژەی دا بەوەی ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوکاری و هەماهەنگی نزیک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا ئەنجام دراوە.

وەزارەتی زانیاریی ڤەنزوێلاش دڵنیایی دا کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ئەندامانی تۆڕە تاوانکارییەکان ڕوویداوە و نینیۆ گێرێرۆ کوژراوە.

وێنەکە دیمەنی بڵاوکراوەیەکی حکومەتی پێرووە، کە تێیدا پاداشت دابین کراوە بۆ ئەو کەسانەی زانیاری لەسەر نینۆ گوێرێرۆ دەدەن.

باندی ترێن دێ ئاراگوا سەرەتا وەک باندێک لە زیندانەکانی ڤەنزوێلا دروست بوو، بەڵام دواتر گەشەی کرد و بووە تۆڕێکی نێودەوڵەتیی تاوانکاری لە چەندین وڵاتی ئەمەریکای لاتین و هەندێک بەشی ئەورووپا. ئەم گرووپە بە تاوانەکانی وەک قاچاخی ماددەی هۆشبەر، قاچاخی مرۆڤ، سەرانە سەندن، سپیکردنەوەی پارە و توندوتیژی تۆمەتبار کراوە.

لە ساڵی 2025 و دوای ئەوەی ترامپ فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی دەستنیشانکردنی کارتێڵ و تۆڕە تاوانکارییەکان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی واژوو کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باندی ترێن دێ ئاراگوای وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی" دەستنیشان کرد.

دوای ئەو دەستنیشانکردنە، بەڕێوەبەرایەتی ترامپ چەندین هەنگاوی توندی دژ بە ئەندامان و هاوپەیوەندەکانی ترێن دێ ئاراگوای گرتەبەر، لەوانە سەپاندنی سزای دارایی و هەوڵی دوورخستنەوەی گومانلێکراوانی سەر بەو باندە لە خاکی ئەمەریکا. هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە سەدان و هەزاران کەسی گومانلێکراو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپەدا لە ئەمەریکا دەسبەسەر کراون یان دوورخراونەتەوە.

نینیۆ گێرێرۆ، کە بۆ چەندین ساڵ سەرکردایەتی ترێن دێ ئاراگوای دەکرد، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە وەک یەکێک لە گرنگترین سەرکردەکانی ئەو تۆڕە دەرکەوتبوو. بڕی 5 ملیۆن دۆلار خەڵات بۆ زانیاریی سەبارەت بە دەستگیرکردنی دیاری کرابوو.

ترامپ لە پەیامەکەیدا لەسەر تروس سۆشیال، ئاماژەی بە ناوی "جۆسلین نونگارای" و "لەیکن ڕایلی" کرد و وتی ئەم هەنگاوە دادپەروەرییە بۆ خێزانەکانیان. جۆسلین نونگارای کچێکی 12 ساڵەی خەڵکی تێکساس و لەیکن ڕایلێ خوێندکارێکی 22 ساڵە بوو لە جۆرجیا؛ هەردووکیان لە ساڵی 2024 دوای دەستدرێژیکردنە سەریان کوژران. لە هەردوو دۆزەکەدا تۆمەتبارکراوەکان دوو پیاوی کۆچبەری خەڵکی ڤەنزوێلا بوون کە لە رێگەی نایاساییەوە هاتبوونە ئەمەریکاوە.