لە کەنەدا پیسایی بەستووی سمۆرە دۆزرایەوە کە بووەتە "گەنجینەیەکی بەنرخ" بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێک دی ئێن ئەی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 700 هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە نێوانیان دی ئێن ئەی ئەو گیاندارە لەناوچووانەی کە هەوڵی گێڕانەوەیان دەدرێت.
زانایانی کەنەدا ڕایانگەیاند لە ناوچەی دوورەدەستی یوکۆن لە باکوری ڕوژئاوای کەنەدا پاشماوەی بەستووی سمۆرەیان دۆزیوەتەوە کە پێکهاتەی دی ئێن ئەی لە نێوان 30 هەزار ساڵ بۆ 700 هەزار ساڵ لەمەوبەری تێدایە.
ئەم دۆزینەوەیە یارمەتی زانایان دەدات لێکۆڵینەوەی وردتر بکەن لەسەر شێوازی ژیان و ژینگەی زەوی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر.
دیمەنێکی پیسایی سمۆرە کە لە ناوچەیەکی باکوری ڕۆژئاوای کەنەدا بە بەستوویی دۆزراوەتەوە.
لەنێو دۆزینەوەکاندا پێکهاتەی دی ئێن ئەی گیانداری مامۆس هەیە کە نزیکەی چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر توشی لەناوچوون هاتووە.
کۆمپانیای ئەمەریکایی کۆلۆساڵ بۆ زانستە بایۆلۆجییەکان دەڵێت ئێستا لە پرۆسەی کۆکردنەوەی دی ئێن ئەی مەمکداری مامۆس و ئەندازیاری جیناتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە ڕادەیەک لە چەند ساڵی داهاتوودا دەتوانێت ئەو گیاندارە بگەڕێنێتەوە بۆ ژیان.
زانایانی کەنەدا دەڵێن لە پێکهاتەی پیساییەکەدا دی ئێن ئەی زیاتر لە 200 جۆری ڕووەک و چەندین ئاژەڵی تریان دۆزیوەتەوە.
زانایان دەڵێن هەبوونی پێکهاتەی گیاندارەکانی تر لە پیسایی سمۆرە شتێکی نامۆ نییە، بەو پێیەی سمۆرە جگە لە ڕووەک پشت بە هەندێک سەرچاوەی تری خۆراک دەبەستێت وەک وردە ئێسک و چەرم و تەنانەت گۆشتیش.
ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە جۆرناڵی نەیچەر کەمیونیکەیشنس بڵاوکراوەتەوە.