Accessibility links

مامۆسەکان دوای 4 هەزار ساڵ لە قڕبوونیان دەگێردرێنەوە بۆ ژیان


کۆمپانیای ئەمەریکی کۆلۆساڵ بۆ زانستە بایۆلۆجییەکان دەڵێت لە پرۆسەی کۆکردنەوەی دی ئێن ئەی مەمکداری مامۆس و ئەندازیاری جیناتی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بە ڕادەیەک لە دوو ساڵی داهاتوودا هەناسە دەخاتەوە بەر یەکەم بێچووی مامۆس کە نزیکەی چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا لەناوچووە.

مامۆس یەکێکە لە ئاژەڵە قڕبووەکان کە بۆ ملیۆنان ساڵ لە ئەوروپای ناوەڕاست ژیاوە. مەمکدارەکە لە خێزانی فیلەکانە و نزیکییەکی زۆری لەگەڵ فیلی ئاسیاییدا هەیە بەشێوەیەک کە 99.6٪ دی ئێن ئەیان هاوبەشە.

هەرچەندە هۆکاری سەرەکی قڕبوونیان یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام زانایان دەڵێن نزیکەی چوار هەزار لەمەوبەر بە هۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا و ڕاوکردنیان لەلایەن مرۆڤەوە لەناوچوون.

پەیکەرێکی دروستکراوەی مامۆس لە مۆزەخانەی فیڵد لە شیکاگۆ نمایشدەکرێت.
پەیکەرێکی دروستکراوەی مامۆس لە مۆزەخانەی فیڵد لە شیکاگۆ نمایشدەکرێت.

کۆمپانیای کۆلۆسەڵ بایۆسایەنس کە بنکەکەی لە ویلایەتی تەکساسە چەندین ساڵە کار بۆ کۆکردنەوەی دی ئێن ئەی چەندین گیانداری لەناوچوو دەکات. جگە لە مامۆس، کۆمپانیاکە دەڵێت پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە بۆ گێڕانەوەی پڵنگی تاسمانی و باڵندەی دۆدۆ.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە، بێن ڵام، بە ماڵپەڕی نیوس ویکی ئەمەریکی گوتووە، "لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، دووبارە یەکەم ئەندامی ئەو مەمکدارە دەبینینەوە کە لە ئاوڵەمەوە بەتەواوەتی گەشەی کردووە و هەناسەی ژیانی بۆگەڕاوەتەوە."

کۆمپانیاکە لە چەندین ساڵی ڕابردوودا هەستاوە بە کۆکردنەوەی زنجیرەی دی ئێن ئەی ئەو گیاندارە بە پشتبەستن بە پاشماوە دۆزراوەکان لە ناوچە بەستەڵەکەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای کریسپەر بۆ دەستکاری و بژاری جینەکان.

پەیکەرێکی دروستکراوەی باڵندەی دۆدۆ لە مۆزەخانەی ئەمەریکا بۆ مێژووی سروشت لە شاری نیویۆرک. دواین باڵندەی دۆدۆ لە ساڵی 1662 تۆمارکراوە.
پەیکەرێکی دروستکراوەی باڵندەی دۆدۆ لە مۆزەخانەی ئەمەریکا بۆ مێژووی سروشت لە شاری نیویۆرک. دواین باڵندەی دۆدۆ لە ساڵی 1662 تۆمارکراوە.

بەهای کۆمپانیاکە بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و چەندین وەبەرهێنەری هەیە لە نێوانیان شازادەی سعودی خالیدی کوڕی وەلیدی کوڕی تەڵاڵ.

سەرەتای ئەم مانگە کۆمپانیاکە ڕایگەیاند نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار هاوکاری کۆکردووەتەوە بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ ئەو گیاندارە قڕبووانە.

جگە لە هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی ئەو ئاژەڵانە، کۆمپانیاکە هەروەها کاردەکات لەسەر دروستکردنی منداڵدانی دەستکرد، ئەو تەکنەلۆجیایەی ژینگەی هاوشێوەی منداڵدانی سروشتی دروستدەکات بۆ ڕەخساندنی هەلی گێڕانەوە و پاراستنی ئەو گیاندارانەی لەناوچوون یاخود مەترسی لەناوچونیان لەسەرە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ئامانجی درێژخایەنمان بریتییە لە کارکردن لەگەڵ وڵاتانی هەموو جیهان، نەک تەنها بۆ هێنانەوەی جۆری گیاندارە لەناوچووەکان بەڵکو بۆ ئەو جۆرانەش کە مەترسی لەناوچونیان لەسەرە هەتا بتوانین ژمارەیان زیاد بکەین."

کۆمپانیاکە دەڵێت کار لەسەر مرۆڤ ناکات، بەڵام دەکرێت تەکنەلۆجیاکەی لەبواری وەچەخستنەوەی مرۆڤیشدا سودی لێوەربگیرێت.

XS
SM
MD
LG