کۆنگرێس 70 ملیار دۆلاری بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری پەسەند دەکات

دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆ ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی ئەمەریکا 70 ملیار دۆلاریان بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ چەند ئاژانسێکی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی تەرخانکرد بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری.

یاساکە درەنگانی شەوی سێ شەممە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران بە 214 دەنگی بەلێ بەرامبەر 212 دەنگی نەخێر پەسەند کرا. هەفتەی پێشوو ئەنجوومەنی سینات هەمان یاسای لە دانیشتنێکی شەوانەدا پەسەند کرد. بەم هەنگاوانە پرۆسەی داڕشتن و دەرکردنی یاساکە کۆتاییپێهات و ئەمڕۆ چوارشەممە، یاساکە ڕەوانەی کۆشکی سپی دەکرێت تا سەرۆک دۆناڵد ترامپ واژۆی لەسەر بکات.

ئەم یاسایە 38 ملیار دۆلار بۆ ئاژانسی کۆچبەری و گومرگ (ICE) و 26 ملیار دۆلار بۆ هێزەکانی پاراستنی سنوور (U.S. Border Patrol) و 5 ملیار دۆلار بۆ تێچوونە چاوەڕواننەکراوەکان دابین دەکات.

پاڵپشتیوانانی یاساکە دەڵێن ئەم یاسایە دڵنیایی دەدات کە بودجەی بەردەم دابینبکرێت بۆ هەوڵەکانی دیپۆرتکردن هەتا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی ترامپ و جێبەجێکردنی بەڵێنی سەرۆک بۆ ئەنجامدانی گەورەترین ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردن و ناردنەوەی نزیکەی 1 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی لە ساڵێکدا.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران مایک جۆنسن وتی "دەبوو زۆر زووتر ئەم یاسایە دەربکرایە... پێویستە بودجە بۆ پاراستنی سنوور و جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچبەری دابین بکەین."

ساڵی پار کۆنگرێس نزیکەی 140 ملیار دۆلاری بۆ ئاژانسی کۆچبەری و گومرگ و ئاژانسی گومرگ و پاراستنی سنوور (CBP)پەسەندکرد.

یاسا نوێیەکە ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی پەککەوتن و داخستنی ئاژانسەکان، وەک داخستنی کاتی بەشێک لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی لە سەرەتای ئەمساڵدا کە ماوەی 76 ڕۆژی خایاند دوای ئەوە ئەوەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی سیاسەت و یاساکانی کۆچبەری ڕێک نەکەوتن.

بە گشتی پرۆسەی یاساکانی بودجەی فیدراڵی بە هێواشی بەڕێوەدەچن و پێویستیان بە ڕێککەوتنی فراوان هەیە، بە تایبەتی لە ئەنجوومەنی سیناتدا. بەڵام ئەم بودجەیە بەکارهێنانی هەندێ یاسا و ڕێوشوێنە تایبەتەکانی بودجە پەسەند کرا کە ڕێگەیدا پڕۆسەکە خێراتر بێت و بە ژمارەیەکی کەمتر دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران تێبپەڕێنرێت.

لە ئەمەریکا کۆنگرێس--ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی سینات-- بڕیاردەری بودجەیە. بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە سەرۆکی ئەمەریکا داوای بودجە پێشکەش بە کۆنگرێس دەکات و ڕوونی دەکاتەوە چۆن بودجەکە خەرج دەکات.

دوای ئەوە لیژنە تایبەتمەنەکانی بودجە و خەرجکردن لە ئەنجوومەنی نوێنەران و سینات پێشنیارەکان تاوتوێدەکەن و گفتوگۆیان لەسەر دەکەن و دانیشتنی گشتی ئەنجام دەدەن و گوێ لە دامەزراوەکان دەگرن و گۆڕانکاری پێشنیار دەکەن. پاش ئەم گفتوگۆ و پێداچوونەوانە، کۆنگرێس یاساکانی بودجە دادەڕێژێت و لە هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتدا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێن و گۆڕانکارییان تێدا دەکرێن و پاشان دەنگیان لەسەر دەدرێن. زۆربەی یاساکانی بودجەو خەرجکردن پێویستیان بە 60 دەنگ لە کۆی دەنگی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی سینات هەیە بۆ تێپەڕاندن. هەر کات هەردوو ئەنجوومەن هەمان دەقی یاساکەیان پەسەند کرد ئەو کاتە یاساکە دەنێردرێت بۆ سەرۆک بۆ واژۆکردن و بەوەش پڕۆسەی تێپەڕاندنی یاسای بودجە تەواو دەبێت.

بەڵام ئەم 70 ملیار دۆلارە بە بەکارهێنانی پرۆسەیەکی تایبەتی کۆنگرێس پەسەند کرا کە گفتوگۆو گۆڕانکاری سنوورداردەکات و ڕێگە دەدات یاساکە تەنها بە زۆرینەی سادە، واتە 51 دەنگ، لە ئەنجوومەنی سینات پەسەند بکرێت.

جۆدی ئارینگتن سەرۆکی لیژنەی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران، وتی یاساکە بودجەیەکی ئاسایی بەڵام بە پرۆسەیەکی جیاواز "تەنها بۆ یەک ساڵ نییە بەڵکو بۆ سێ ساڵە... بۆ ئەوەی دووبارە بەم دۆخەدا نەڕۆینەوە."

ئەم بودجەیە لە کاتێکی هەستیاردا دەگاتە ئاژانسەکانی وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی و دەستپێکی قۆناغێکی نوێی ستراتیژی جێبەجێکردنی کۆچبەرییە لە وەزارەتدا کە ئێستا لە ژێر سەرکردایەتی نوێدایە، دوای ئەوەی سەرۆ ک ترامپ لە مانگی سێدا کریستی نۆمی بریکاری وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی گۆڕی و مارکوەین موڵینی لە شوێنی دانا.