ترامپ: تاران کاتێکی زۆری لە ڕێککەوتنەکەدا بەفیڕۆداوە و ئێستا دەبێت باجەکەی بدات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ ڕایگەیاند توانای سەربازی ئێران بە توندی لاواز بووە و بەشە گرنگەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە ئیتر بوونیان نەماوە.

ترامپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی "سوپای ئێران بە تەواوەتی تووشی پشێوی بووە. بەشێکی زۆری هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانیەکەی تەنانەت بوونیشی نەماوە. ئەوان بە تەواوەتی شکستیان هێناوە."


سەرۆک ترامپ هەروەها نووسیویەتی "ئێران هەمووی قسەیە و هیچ کردارێکی نییە. شەڕفرۆشەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مرد!!!."

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد و دەڵێت "ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە دەکرا زۆر لەبار بێت بۆ وڵاتەکەی، کاتێکی زۆری بە فیڕۆ داوە و ئێستا دەبێت باجەکەی بدات."

لە پۆستێکی دیکەدا سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکای کرد و وتی میدیا سەرەکییەکان هەواڵ لەسەر کاریگەریی گەمارۆکە نادەن.

ترامپ نووسیویەتی "میدیای هەواڵی ساختە ڕەتیدەکاتەوە ڕاپۆرت لەسەر کاریگەریی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا بدات؛ سەرکەوتووترین گەمارۆیە لە مێژووی شەڕی دەریایی. هیچ شتێک تێناپەڕێت مەگەر ئێمە بمانەوێت. دیوارێکی پۆڵاینە."

هەروەها وتیشی ئێران "هیچ چالاکییەکی ئابوری کاریگەری نییە"، "ناتوانێ ئەرکی سەربازی و ئەرکی تری خۆی ئەنجام بدات و بەخێرایی خەریکە دەبێتەوڵاتێکی تەواو شکستخواردوو."


ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوامی هەبووە و هەردوولا یەکتریان بە کردەوەی دوژمنکارانە لە ناوچەکەدا تۆمەتبار دەکەن.