مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ڕاگەیاند ئێران هێشتا ژمارەیەکی زۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەبەردەستدایە و وتیشی بەڵام توانای سەربازی تاران بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە.
مارکۆ ڕوبیۆ کە ڕۆژی سێشەممە لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان سەبارەت بە ستراتیژی بەڕێوبەرایەتی ترامپ بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادە بوو، بەرگری لە بڕیارەکەی بەڕێوبەرایەتی ترامپ کرد و بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ڕاگەیاند تاران لە هەوڵدا بوو توانا سەربازییە ئاساییەکانی بکاتە "قەڵغانێک"بۆ بەرگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
وتیشی "کۆماری ئیسلامی لە لێواری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیدا بوو و ئەگەر ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی ئەنجام نەدرابا، زۆر درەنگ دەبوو بۆ پێشگرتن بە ئێران."
ڕوبیۆ وتیشی "ئێمە هێشتا لە گفتوگۆداین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران ڕازی بووبێت بە دانوستان لەسەر بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە پێشتر ڕەتیکردووەتەوە تاوتوێی بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و وتیشی بەڵام ئەمە گەرەنتییەک نییە کە دانوستانەکان ببێتە هۆی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
ڕوبیۆ وتی یەکەمین جارە لە مێژوودا کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرێک لەو مەرجانەی کە ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دایناوە، قبوڵی کردووە.