ڕاپۆرتێکی پنتاگۆن: هەرێمی کوردستان ناتوانێت خۆی لە هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بپارێزێت

Hewlêr

ڕاپۆرتێکی نوێی ئەمەریکی ئاشکرای دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمێکی بەرگری نییە کە بتوانێت خۆی لە هێرشەکانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە بپارێزێت.

ئەو ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەن چاودێری گشتیی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکاوە بڵاو کراوەتەوە، لەگەڵ گەلێک مژاری پەیوەندیدار بە ئاساییش و بەرگری، ڕەوشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەش لە سێ مانگی ڕابردوودا هەڵدەسەنگێنێت. ڕاپۆرتەکە بە وردی باسی ئەو هێرشانە دەکات کە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە.

چاودێری گشتی دەڵێت پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و واشنتن، ئێران و هاوپەیمانانی ئێرانی هەراسان کردووە. هەر بۆیە هەرێمی کوردستان خۆی لەناو شەڕێکدا دەبینێتەوە کە شەڕی ئەو نییە و بە بەردەوامی لە لایەن پاسدارانی ئێرانی و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران بۆردومان دەکرێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزەکانی ئەمەریکایان نەکردووەتە ئامانج. بەڵکو بە مەبەست دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئاساییشییەکانیش دەکەنە ئامانج.

ڕاپۆرتەکە باسی بە ئامانجگرتنی بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی لە 24ی مانگی سێدا لە خەلیفان کردووە، کە تێیدا 6 پێشمەرگە گیانیان لە دەست دا و 30 پێشمەرگە بریندار بوون. هەروەها خانووی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە 28 و 29ی هەمان مانگدا بە ئامانج گیراون.

چاودێری گشتی دەڵێت کە پێشمەرگە خاوەندارێتی بەرگریی ئاسمانی ناکەن و ناتوانن تەواوی هەرێمی کوردستان بپارێزن. ئەم هێرشانە هێزەکان و سەرچاوەی وزەی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە.

کاگنس: دەبێت کۆنگرێس ڕەزامەندی بدا لەسەر فرۆشتنی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان

مایلز کاگنس کۆڵۆنێڵی خانەنشینی ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای گوت ''کاتی ئەوە هاتووە کە کۆنگرێس ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدات.''

کاگنس ئاماژەی بەوەش دا کە دەبێت سوپای ئەمەریکا ڕاهێنان بە پێشمەرگە بکات بە مەبەستی بەکارهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.

کۆڵۆنێڵی خانەنشین کە گوتەبێژی هاوپەیمانی لە دژی داعش بوو گوتی ''ئەم سیستەمە تەنیا بۆ پاراستنی کورد و دەزگا دیپلۆماتی و سەربازی و فڕۆکەخانەکان نییە، بەڵکوو لە هەمانکاتدا بۆ پاراستنی دەزگاکانی سوپای ئەمەریکا و بازرگانان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانیش کە لە بواری نەوت و گازدا کار دەکەن گرنگە کە ڕۆژانە زیاتر لە 100.000 بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێنن.''

بە بۆچوونی کاگنس دەبێت دروشمی ''ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکدا'' بازرگانانی ئەمەریکا و سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەمەریکاش وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

پەیوەندیدار بە لایەنی داراییەوە، ڕاپۆرتەکەی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەش داوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتاش ناتوانێت تێچووەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دابین بکات و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا 33 ملیۆن دۆلار قەرزارە و داهاتەکەشی گرێدراوی ئەو بەشە بودجەیەیە کە لە بەغداوە بۆی دێت.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد بە مەبەستی وەرگرتنی بۆچوونیان لەسەر ڕاپۆرتەکەی پنتاگۆن، بەڵام نەیانەویست هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن.

چاودێری گشتیی ئەمەریکا هۆشداریشی داوە کە پەیماننامەی لێکتێگەییشتنی نێوان ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە مانگی نۆی 2026دا کۆتاییی دێت. ئەمەش گومانی لەسەر داهاتووی ڕاهێنانی ئەو هێزانە و هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا دروست کردووە.