وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسەت ڕۆژی شەممە لە سینگاپور ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ دەخوازێت بە کرداری ئێران ڕابگرێت لەوەی بۆمی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.
هێگسەت گوتی "ئەمە تاکە سەرۆکە دوای 47 ساڵ بەکرداری دەیەوێت ئێران ڕابگرێت بە جۆرێک کە ئێران نەتوانێت ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی. هەمووتان دەبینن کە سەرۆک چۆن لەو بارەیەوە قسە دەکات و ئەمەش هەر ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت. لە گفتوگۆکاندا چەندە لەو ئامانجە نزیک بینەوە واتە ئەوەندە لە ڕێککەوتن نزیک دەبینەوە."
وەزیری جەنگ جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆک ترامپ قسەی دڵ و زاری یەک شتە و کاتێک شتێک دەڵێت جێبەجێی دەکات.
سەرۆک ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی گرنگی لە کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال جەختی کردەوە کە پێویستە ئێران بە ڕوونی ڕازی بێت کە "هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی نەبێت."
ترامپ گوتیشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەبێت "بە تەواوی ئازاد" بێت.
وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە لێدوانەکەی ئەمڕۆیدا گوتی ئێران بەڕوونی لەوە تێدەگات و دەزانن کە ئێمە چیمان دەوێت " بۆیە لە گفتوگۆکاندا بەردەوام نزیک دەبنەوە لە ئامانجی ئێمە و گفتوگۆکان بەرهەمدار بوون. من زۆر لە سەرۆک دڵنیام کە ئەو جگە لە ڕێککەوتنێکی بێوێنە، بە هیچی تر ڕازی نابێت. ئەوە شتێک دەبێت کە لەداهاتوودا ئەو شانازی پێوە دەکات و دڵنیاییی ئەوە دەدات کە ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبێت."
هێگسەت لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا ئاماژەی بەوەش کرد گەمارۆکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران بەردەوامن و گوتی " تەنگەی هورمز بەردەوام لە باسەکاندا دێتە پێشەوە و ئێمە هەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەمەریکا بەرپرسیارە و تێڕوانینی ئێمە بۆ وزە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەرهەمهێنانی وزە لە تەکساس و ڤەنزوێلا داهاتووی وزە دەداتە دەستی ئەمەریکا. ئەمەش باشە بۆ ئاساییشی وزە لە جیهاندا. وڵاتانی دیکەش دەیانەوێت ئێران ڕێک بکەوێت و هورمز کراوە بێت بەبێ هیچ باجێک."
ڕۆژی هەینی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداری دا هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ مۆڵەت وەرگرتن بە مەبەستی تێپەڕبوونی ئاسایی لە تەنگەی هورمز، تەنانەت ئەگەر پارەدانێکی ڕاستەوخۆشی تێدا نەبێت، دەشێت مەترسیی سزا و گەمارۆی ئەمەریکای لێبکەوێتەوە.
هێگسەت گوتی "ئەمەریکا سەرپەرشتیی گەمارۆکە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە ئێران لەژێر فشاری زۆردایە. هەموو شتێک ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە کۆنتڕۆڵی تەواومان هەیە."
پیت هێگسەت وەزیری جەنگی ئەمەریکا لە سینگاپورە بۆ بەشداری کردن لە لوتکەی ئاسایشی ئاسیا و وتیاری خۆی پێشکەش کرد.