Accessibility links

ئەمەریکا هۆشداری دەدات بەو کەشتیانەی کە بۆ دەرباز بوون لە تەنگەی هورمز لەگەڵ ئێراندا ڕێککەوتن دەکەن

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بلوومبێرگ، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا هۆشداری داوە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ مۆڵەت وەرگرتن بە مەبەستی تێپەڕبوونی ئاسایی لە تەنگەی هورمز، تەنانەت ئەگەر پارەدانێکی ڕاستەوخۆشی تێدا نەبێت، دەشێت مەترسیی سزا و گەمارۆی ئەمەریکای لێبکەوێتەوە.

ئۆفیسی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە نوێکردنەوەیەکی 29ی مانگی پێنجدا ڕایگەیاندووە کە وەرگرتنی خزمەتگوزاری یان دڵنیایی لە حکوومەتی ئێران یان سوپای پاسداران بۆ تێپەڕبوونی ئاسایی لە تەنگەی هورمز بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا قەدەغەیە. ئەم قەدەغە کردنە تەنانەت ئەو حاڵەتانەش دەگرێتەوە کە پارەشی تێدا ئاڵوگۆڕ نەکرابێتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ڕایشیگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی دەزگایەکی بە ناوی "بەڕێوەبەرایەتی تەنگەی کەنداوی فارس" ساز کردووە بۆ وەرگرتنی سەرانە لەو کەشتیانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن. ئەم دەزگایە بەهۆی پەیوەندیی بە سوپای پاسداران، لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی دژە تیرۆریزمدا سزا دراوە.

لە هۆشدارییەکەی وەزارەتی خەزێنەدا هاتووە کە هاوکاری، مامەڵەی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، یان وەرگرتنی خزمەتگوزاری لەم دەزگایە، بۆ کۆمپانیاکان، دامەزراوە دارایییەکان و کەسانی نائەمەریکاییش مەترسیی کەوتنە ژێر سزا و گەمارۆی ئەمەریکای لێ دەکەوێتەوە.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێت کە هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، و بابەتی ئاسایشی گەشتیاریی دەریایی لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی فشاری دیپلۆماسی و ئابووریی ئەمەریکا.

This item is part of
XS
SM
MD
LG