هێگسەت: ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا خەریکی پەرەپێدانی ژێردەریایی بێ سەرنشینن

پیت هێگسەت، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە لە سینگاپور ڕایگەیاند، ئەمەریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا لە چوارچێوەی پەیماننامەی بەرگری سێ قۆڵی (AUKUS) لە پەرەپێدانی ژێردەریاییە بێ سەرنشینەکان هاوکاری دەکەن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەم بەرنامەیە دەکەوێتە "ستوونی دووهەم"ی ڕێککەوتنەکەوە کە گرنگی بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای بەرگری پێشکەوتوو دەدات، لەوانە کۆمپیوتەری کوانتەم، تەکنەلۆژیای ژێر ئاو، مووشەکی هایپەرسۆنیک، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی.

هێگسەت ڕایشیگەیاند پڕۆژە سەرەکییەکە کۆمەڵێک سیستەمی ژێردەریایی بێ سەرنشینی فرە مەبەست و گونجاو پێشکەش دەکات کە بۆ پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ژێر دەریا و پاراستنی باڵادەستی دەریایی بەکۆمەڵی سێ وڵاتەکە داڕێژراون.

هەروەها جۆن هیلی وەزیری بەرگری بەریتانیا لە پەراوێزی لوتکەی شانگریلا لە سینگاپور ڕایگەیاند کە ئەم بەرنامەیە دەتوانێت خێراتر پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیای مەیدانی شەڕ بۆ هەر سێ وڵاتەکە دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەندەن و واشنتن و کانبێرا کۆمەڵێک هەستەوەری پێشکەوتوو و سیستەمی چەک بۆ ژێردەریاییەکان پەرەپێدەدەن.

پەیمانی ئاکوس (AUKUS) لە ساڵی 2021 لە نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا پێکهاتووە و وەک بەشێک لە هەوڵەکانی سێ وڵاتەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەشەسەندنی هێزی سەربازی چین لە ناوچەی هیندستان و زەریای هێمن سەیر دەکرێت.

چین ئەو پەیماننامەیەی بە مەترسیدار ناوبردووە و هۆشداری داوە لەوەی کە ئاکوۆس دەتوانێت ببێتە سووتەمەنی پێشبڕکێی چەکداری ناوچەیی.