ڕوبیۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕەوشی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریکا و پاکستان ڕۆژی هەینی لە واشنتن کۆبوونەوە و تاوتوێی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان کرد.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی ئێکس سوپاسی پاکستانی کرد بۆ ڕۆڵی لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ڕوبیۆ گوتی " ئێمە لەسەر گرنگی کارکردنی پێکەوەیی بۆ پتەوکردنی هاوبەشییەکی مانادار بۆ ئاسایش و خۆشگوزەرانی باشتر بۆ هەردوو وڵاتەکەمان کۆک بووین."

هەروەها تۆمی پیگۆت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەڕێز ڕوبیۆ، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ ئیسحاق دار، پێزانینی دەربڕیوە بۆ "ڕۆڵی بنیاتنەر"ی پاکستان لە بەدیهێنانی دیدگای سەرۆک ترامپ بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵەکانی نێوەندگیری ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان واشنتن و تاران.

بە وتەی بەڕێز پیگۆت، وەزیری دەرەوەی پاکستان لەم دیدارەدا جەختی لە گرنگی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و پاکستان کردەوە و داوای بەهێزکردنی هاوکارییەکان بۆ "بەرزکردنەوەی ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵکی هەردوو وڵات" کرد.

دیدارەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و نوێنەری ناوبژیوانی سەرەکی ڕێککەوتنی کۆماری ئیسلامی و ئەمەریکا لە کاتێکدا بوو کە سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی، هاوکات لەگەڵ ئەو دیدارە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی تروث سۆشیەڵی خۆی ڕایگەیاند ڕایگەیاند کە لە لێواری بڕیارێکی کۆتاییدایە لەسەر ڕێککەوتنەکە لەگەڵ حکوومەتی ئێران. دۆناڵد ترامپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێت قائیل بێت بەوەی کە هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت و دەبێت دەستبەجێ و بەبێ وەرگرتنی سەرانە لە کەشتییەکان تەنگەی هورمز بکاتەوە.

جگە لەوەی ئیسحاق دار پۆستی وەزیری دەرەوەی پاکستانی بەدەستهێناوە، جێگری سەرۆک وەزیرانی پاکستانیشە. فیڵد مارشال عاسم مونیر، سەرۆکی سوپای وڵات سەرکردایەتی نێوەندگیری دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ڕژێمی ئێران.