وەزیری دەرەوەی پاکستان سەردانی ئەمەریکا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان ڕۆژی هەینی گەشتی واشنتن دەکات و چاوی بە مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکەوێت.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئیسلام ئاباد هەوڵدەدات دانوستان بکات بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بۆ هەمیشە. حکومەتی پاکستان نێوەندگیری سەرەکی دانوستانەکان بووە دوای ئەوەی ئاگربەست لە نێوان واشنتن و تاران ئەنجامدرا و خولێکی وتووێژی ڕووبەڕووی نوێنەرانی باڵای ئێران و ئەمەریکا لە پایتەختی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوو.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئیسحاق دار و ڕوبیۆ "پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکەن و بیروڕا لەبارەی پێشهاتە ناوچەیی و جیهانییەکان دەگۆڕنەوە."

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە، شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان رایگەیاند بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران قسەی کردووە.

نووسینگەی شەریف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند هیوادارن بەم زووانە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئێران و ئەمەریکا یەکلایی بکرێتەوە.