ترامپ: ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکانم زۆر باش بوون

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاند دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی شەش مانگەی خۆی لە نەخۆشخانەی سەربازی واڵتەر ریید، هەموو ئەنجامەکان "بێ کێشە" بوون.

ترامپ لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی "تازە پشکنینی تەندروستیی شەش مانگەی خۆم لە نەخۆشخانەی سەربازی واڵتەر رید تەواو کرد. هەموو شتێک بە تەواوی باش بوو. سپاس بۆ دکتور و ستافی بێ وێنەی ئەو نەخۆشخانەیە. ئێستا بەرەو کۆشکی سپی دەگەڕێمەوە."

نەخۆشخانەی سەربازی واڵتەر ریید یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە تەندروستییە سەربازییەکانی ئەمەریکا و زۆربەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا پشکنین و چارەسەری تەندروستییان لەوێ ئەنجام دەدەن.