جەنەراڵ پیترایۆس: درۆن داهاتووی جەنگ بەتەواوی دەگۆڕێت

جەنەڕاڵی خانەنیشینکراوی ئەمەریکا دەیڤد پیترایۆس داوا لە سوپای ئەمەریکا دەکات "گۆرانکاری ڕیشەیی دامەزراوەیی" ئەنجام بدات بۆ فراوانکردنی تواناکانی لە بواری تەکنەلۆجیای درۆندا و دەڵێت داهاتووی جەنگ بۆ کۆمەڵە درۆنی سەربەخۆی هێرشبەر دەبێت.

جەنەراڵ دەیڤد پیترایۆس کە 37 ساڵ خزمەتی سەربازی لە سوپای ئەمەریکادا کردووە و پێشتر بەڕێوبەری سی ئای ئەی بووە، ڕایگەیاند، "ئێمە بە ئەندازەی پێویست وانەمان لە شەڕی ئۆکڕاینا وەرنەگرتووە، کە ئەمە داهاتووی شەڕە؛ ئەمە شەڕێکە تێیدا یەک لایەن، ئۆکراینا، بە ئەندازەی 10 هەزار درۆن لە ڕۆژێکدا بەکار دەهێنێت، 90٪ قوربانییەکانی ڕووسیا بەهۆی درۆنەوەیە، تانکەکان هیچی تر ناتوانن تەراتێن بکەن، ناتوانرێت ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانیان بپارێزرێن، تەنانەت ئۆتۆمبێلەکان ناتوانن لە 'ناوچەی مەرگ' بجوڵێنەوە کە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر لە هەردوو بەرەی پێشەوەی شەڕدا درێژدەبێتەوە، تەنانەت ناتوانرێت چی تر بوترێت بەرەی پێشەوەی شەڕ، چونکە درۆنەکان دەتوانن بۆ نێو خەندەقەکاندا بفڕن و خەڵک بکوژن."

جەنەراڵ پیترایۆس لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاند، "ئەمە گۆرانکارییەکی زۆر مەزنە و گۆڕانکاری زیاتریش بەڕێوەیە، چونکە لە یەک دوو ساڵی داهاتوودا تەنها مامەڵە لەگەڵ ئەو درۆنانە ناکەین کە لەلایەن مرۆڤەوە لە دورەوە هەڵدەدرێن و ئاراستە دەکرێن، بەڵکو لە داهاتوودا سیستەمی سەربەخۆی درۆنی دەبینین کە تەواو سەربەخۆن و پێویستییان بە مرۆڤ نابێت بۆ کارکردن."

دەشڵێت، "لەو کاتەدا ڕووبەڕووی لێشاوی بەکۆمەڵی درۆنی هێرشبەر دەبینەوە، کە ئەمە شتێکە بەڕاستی هیچ چارەسەرێکمان بۆی نییە."

دیمەنی وێرانەی باڵەخانەیەکە لە هەرێمیلوهانسکی ئۆکراینا کە لەژێر دەستەڵاتی ڕووسیادایە. سوپای ڕووسیا دەڵێت باڵەخانەکی بەشەناوخۆیی زانکۆیەکە بەهۆی درۆنی ئۆکرایناوە وێران بووە.

ڕووسیا لە مانگی دووی ساڵی 2022 هێرشی زەمینی بۆ سەر ئۆکراینا ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتا ئێستا سوپای ئۆکراینا سەرنجێکی زۆری خستووەتە سەر پێشخستنی تەکنەلۆجیای درۆنی خۆی لە بەرەکانی شەڕدا، بە شێوەیەک لە ساڵی 2023 نزیکەی 800 هەزار درۆنی بەرهەم هێناوە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2024 بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار، وە لە ساڵی 2025 گەیشتە نزیکەی چوار ملیۆن.

بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، حکومەتی ئۆکراینا دەیەوێت ئەمساڵ ژمارەکە بەرزبکاتەوە بۆ 7 ملیۆن، ئەمەش توانای ئەوەی پێ دەدات نزیکەی 20 هەزار درۆنی هێرشبەر لە ڕۆژێکدا هەڵبدات.

بە گوێرەی جەنەراڵ پیترایۆس، سوپای ئۆکراینا بەهۆی درۆنەکان توانیویەتی گورزی کەمەرشکێن لە هێزی هێرشبەری ڕووسیا بدات و دەستکەوتە مەیدانییەکانیان بەتەواوەتی کەمبکاتەوە، بە ئەندازەیەک کە ڕەنگە ڤلادیمێر پوتین ناچار بکات لە چەند مانگی داهاتوودا سوپاکەی بکێشێتەوە.

پیترایۆس دەڵیت ئەم پێشهاتە و ئەزموونی ئەمەریکا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران و درۆنی شاهێد، دەریدەخات کە سوپای ئەمەریکا دەبێت "گۆڕانکاری ڕیشەیی دامەزراوەیی" ئەنجام بدات کە لە ئاستی ئەو گۆڕانکارییەدا بێت.

دەشڵێت، "پێویستە ئەمە ببێتە پاڵنەر بۆ گۆڕانکاری دامەزراوەیی ڕاستەقینە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، گۆڕانکاری لە تەواوی بیرۆکەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆن. گۆڕانکارییە ڕێکراوەییەکان دەبێت ڕیشەیی بن، سیستەمی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان هەبێت هاوتا بێت لەگەڵ ئەوەی ئۆکرانیا، بە نمونە. دەبێت شێوازی مەشق و کارکردن بگۆڕدرێت، گۆڕانکاری بکرێت لە ڕاهێنانی فەرماندەکان و سەرکردەکان، تەنانەت گۆڕانکاری بکرێت لەوەی چی دەکڕین و چۆن دەیکڕین، چونکە دەبێت دەرفەتی ئەوە هەبێت لە نێوان هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە سۆفتوێرەکان بگۆڕین و پارچەکانی درۆنەکان لە چەند هەفتەیەکی کەمدا بگۆڕین."

دیمەنەکە ساتی پشکنینی درۆنێکی تێکشکاوە لەلایەن سەربازێکی ئۆکراینی لە خارکیڤ. سوپای ئۆکراینا دەڵێت درۆنی 'خۆکوژی' ئێرانییە لەلایەن ڕووساوە هەڵدراوە.

شایەنی باسە، جگە لە پێشخستنی تەکنەلۆجیای درۆن، سوپای ئۆکراینا لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەروەها سیستەمی بەرگری دژە درۆنی ئێرانیشی بەشێوەیەکی فراوان پێشخستووە بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکانی شاهێدی ئێرانی.

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە دەکەن بەوەی ڕووسیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەهای نزیکەی 2 ملیار بۆ 4 ملیار دۆلار درۆن و کەرەستەی گرێدراو بەو تەکنەلۆجیایەی لە ئێران کڕیوە.

لە بەرامبەردا، حکومەتی ئۆکراینا لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، چەندین جار شارەزایانی سەربازی لە بواری درۆن بۆ وڵاتانی کەنداو ناردووە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئەو وڵاتانە دژ بە شاهێدی ئێرانی.

لە دوایین پێشهاتدا، ڕۆژی دووشەممە ماڵپەڕی هەواڵی سێمافۆر ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە کۆمپانیایەکی سەربازی سعودییە بە هاوکاری کۆمپانیایەکی ئەمەریکایی کارگەیەک لە ڕیاز دادەمەزرێنێت بۆ بەرهەمهێنانی درۆنی هێرشبەر هاوشێوەی درۆنی شاهێد.