تۆمەتباری تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە

بەرپرسێکی پۆلیس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند تۆمەتباری تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی دەستگیرکراوە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە تۆمەتبارەکە لە خاڵێکی پشکنینی نزیک کۆشکی سپی نزیکبووەتەوە و تەقەی لە ئەفسەرەکان کردووە.

میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن دوای تەقەکردن لە نزیک کۆشکی سپی، دوو کەس، لەوانە تۆمەتباری تەقە کردنەکە و ڕێبوارێک بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، باری تەندروستی تۆمەتبارەکە و هەروەها کەسی دووەمیش ناجێگیرە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزەکانی ئاسایشی کۆشکی سپی کراونەتە ئامانج و تەقەیان لێکراوە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە لە ڕووداوەکەدا هیچ ئەندامێکی تیمی ئاسایشی و پۆلیس بریندار نەبوون.

میدیاکانی ئەمەریکا هەواڵی تەقەکردنیان لە نزیک باکووری کۆشکی سپی ئێوارەی شەممە بڵاوکردەوە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی بی ئێس و بەپێی هەواڵنێران، نزیکەی بیست جار دەنگی تەقە دوای کاتژمێر 6ی ئێوارە بە کاتی واشنتن بیستراوە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا کە لە شوێنی ڕووداوەکە بوو، هەواڵی ئامادەبوونی پۆلیسێکی زۆر لە ناوچەیەدا ڕاگەیاند.

Your browser doesn’t support HTML5

بڵاوبوونەوەی هێزەکانی ئاسایش لە شەقامەکانی نزیک کۆشکی سپی لە واشنتنی پایتەخت


هەواڵەکان باس لەوە دەکەن دەنگەکان لە بەشی بینای جێبەجێکاری ئایزنهاوەر لە کۆشکی سپییەوە بیستراوە.