سێنتکۆم: 94 کەشتی بازرگانیمان ناچار کردووە رێڕەوی خۆیان بگۆڕن

CENTCOM

فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند لەوەتای گەمارۆی دەریایی ئێران دەستیپێکردووە، هێزەکانیان 94 کەشتیی بازرگانییان ناچار کردووە ڕێڕەوی خۆیان بگۆڕن و چوار کەشتیی دیکەشیان لەکار خستووە، ئەمەش لە چوارچێوەی فشارەکان بۆ سەر ئابووری ئێران و ڕێگریکردن لە ڕۆیشتنی بازرگانی بۆ بەندەرەکانی ئەو وڵاتە.

سێنتکۆم لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە ئەم کارانە بۆ پێشگرتن لە گواستنەوەی کاڵا و بازرگانی پێوەندیدار بە بەندەرەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراون.

ئەمەریکا لە 13ی مانگی چوارەوە لە کاردانەوە بە هەنگاوەکانی ئێران بۆ داخستنی تەنگەی هورمز، گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاند و ئەمەش ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دەربچێت یان بییەوێت بچێتە ئەو بەندەرانەوە.