ئەمەریکا ژمارەی هێزەکانی لە ئەورووپا کەم دەکاتەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند یەکەکانی تیمی هێزە شەڕکەرەکان لە چوار تیمەوە کەم دەکاتەوە بۆ سێ تیم، ئەمەش لە کاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ خەریکی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە لە ئەورووپا و داوای لە ناتۆ کردووە بەرپرسیاریەتی زیاتری ئاسایشی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بڕیارە ژمارەی سەربازانی یەکە شەڕکەرەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی ساڵی 2021 هەرچەندە ژمارەکەی ئاشکرا نەکردووە.

شان پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە بڕیارەکە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی گشتگیرو فرەچین بووە کە تیادا سەرنج خراوەتە سەر ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە ئەورووپا.
هەروەها گووتی ئەم کەمکردنەوەیە دەبێتە هۆی "دواکەوتنێکی کاتی" هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پۆڵەندا کە "نموونەی هاوپەیمانی ئەمەریکایە".

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس دواکەوتنی ناردنی 4000 سەربازی بۆ پۆڵەندا پشتڕاست کردەوە.

لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژمانەوانی لە کۆشکی سپی ڤانس گووتی "4000 سەرباز لە پۆڵەندا کەم ناکەینەوە، بەڵکوو ناردنی ئەو 4000 سەربازەی کە بڕیار بوو بنێرێن بۆ پۆڵەندا دوادەخرێت، ئەمە کەمکردنەوە نیە، تەنها دواخستنێکی ئاساییە کە هەندێجار لەم حاڵەتانەدا ڕوودەدات".
هەروەها پێنتاگۆن ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە پێشتر ڕۆژی سێشەممە وەزیری جەنگ پیت هێگسێت لەگەڵ جێگری سەرەک وەزیرانی پۆڵۆنیا کۆسینیا کامش لەم بارەیەوە گفتووگۆی کردووە .
ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر هاوپەیمانەکان لە ناتۆ بۆ ئەوەی بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و ئاسایشی خۆیان بپارێزن.
ڤانس گوتی "دەمانەوێت ئەورووپا خاوەندارێتی زیاتر بکات بەسەر یەکپارچەیی خاکی خۆیدا ،دەمانەوێت ئەورووپا هەنگاوی زیاتر بنیت".
گووتیشی "سەرۆک دۆناڵد ترامپ نەیگووتووە هەموو سەربازەکان لە ئەورووپا دەکشێنێتەوە ،بەڵام پێویستە ئەوروپاییەکان لەسەر پێی خۆیان بوەستن".

ڕۆژی چوارشەممە سکرتێری گشتی ناتۆ مارک رووتە داوای لە ئەمەریکای هاوپەیمانی کرد ئەو پەیمانە جیبەجێبکات کە لە کۆبوونەوەکەی ساڵی پار لە هێگ دابووی ،ئەویش زیادکردنی خەرجیەکانی بەرگری بە ڕێژەی ٪ 5 هەتا ساڵی 2035.
لە پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لەم هەفتەیەدا لە شاری هێڵسنبورگ لە سوید ،رووتە گووتی پێویستە هاوپەیمانەکان خۆیان لە "هاوپەیمانی ناتەندروست" دووربخەنەوە .
بەم دواییانە پێنتاگۆن ڕایگەیاند لەماوەی 6 بۆ 12 مانگدا 5000 سەرباز لەو نزیکە 35000 هەزار سەربازەی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا دەکێشێتەوە.