ترامپ بەشداری لە لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەشداری لە کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا دەکات کە بڕیارە لە 15تا17ی مانگی شەش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا بەڕێوەبچێت کە پێشبینی دەکرێت پرسی ئێران و تەنگەی هورمز دوو تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان بێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس کە بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی کۆشکی سپی نووسیویەتی بڕیارە ترامپ باس لە زیرەکی دەستکرد، بازرگانی، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە چین لە زنجیرەی دابینکردنی کانزا گرنگەکان و بەستنەوەی هاوکارییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا بە ئامانجە بازرگانییەکان بکات.

هەروەها ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئامادەبوونی ترامپی پشتڕاستکردووەتەوە.

لوتکەی ئەمساڵی گروپی حەوت لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ چەند هاوپەیمانێکی ئەوروپایی بەهۆی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز ئاڵۆز بووە.

ئەکسیۆس نووسیویەتی ئێران ئەگەر لە کارنامەی سەرەکی فەرمیدا نەبێت، پێدەچێت بابەتێکی سەرەکی گفتوگۆکان بێت. هەروەها ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە پەیوەندییەکانی ترامپ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپی حەوت تادێت ئاڵۆزتر بووە، لەوانەش لەسەر شەڕی کۆماری ئیسلامی.

پێش کۆبوونەوەی لوتکەکە لە پاریس، وەزیرانی دارایی گروپی حەوت و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندی باسیان لە لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکە و ناجێگیری بازاڕەکانی بۆندەکان و پێویستی کردنەوەی تەنگەی هورمز کرد.

لە بەیاننامەکەیاندا وەزیرانی گرووپی حەوت گەڕانەوەی تێپەڕبوونی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان بەناو تەنگەی هورمزدا بە پێویست ناوبردووە و هۆشدارییانداوە لە فشارەکان لەسەر بازاڕەکانی وزە و خۆراک و پێو.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، درز و ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هێشتا ماوە. بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپایی ناڕازین لەوەی کە هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەبێ ڕەچاوکردنی لێکەوتە ئابوورییەکانی داخستنی تەنگەی هورمز ئەنجام دراون، لە کاتێکدا ترامپ ڕەخنەی لە پشتیوانی نەکردنی تەواوەتی هەندێک لە هاوپەیمانان لەوان بەریتانیا و ئەڵمانیا گرتووە.