ترامپ هێرشی سەر ناوەندێکی ئیسلامی لە سان دیێگۆی بە 'دۆخێکی زۆر خراپ' ناودێر کرد

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تەقەکردنی سەر ناوەندێکی ئیسلامی سان دیێگۆی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای بە "دۆخێکی زۆر خراپ" ناودیر کرد.

دوای مەراسیمێکی کۆشکی سپی، ترامپ لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هێرشەکە ڕایگەیاند لە وردەکارییە سەرەتاییەکانی ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە.

وتیشی "لەمباریەوە هەندێ شتیان پێداوم و دۆخێکی ترسناکە، زانیارییە سەرەتاییەکان خراونەتەڕوو، بەڵام دووبارە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و زۆر بە وردی ئیشی لەسەر دەکەین."

پۆلیسی کالیفۆرنیا ڕایگەیاند دوو چەکداری نەوجەوان ڕۆژی دووشەممە تەقەیان لە ناوەندێکی ئیسلامیی شاری سان دیێگۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا کردووە و بەهۆیەوە پاسەوانێکی ئاسایش و دوو پیاوی دیکە لە دەرەوەی مزگەوتەکە کوژراون. دواتر تۆمەتبارەکان بە مردوویی دۆزرانەوە کە وادیارە بەهۆی برینەکانی خۆیانەوە کە بە گولەی خۆیان تووشی بوون، گیانیان لەدەستداوە.

پۆلیس لەسەر ڕووداوەکە گوتی ''لە کاتژمێر 9.42 خولەکی سەر لە بەیانی تەلەفۆنێکمان دەربارەی نەوجەوانێک کە لە ماڵ هەڵاتووە پێ گەیشت و دوای قسەکردن لەگەڵ دایکی، کۆمەڵێک زانیاریی پچڕپچڕمان دەست کەوت.''

پۆلیس ڕوونی کردەوە کە دایکی یەکێک لە نەوجەوانەکان مەترسیی خۆی نیشان داوە لە خۆکوشتنی کوڕەکەی کە چەند چەکێک و سەیارەیەکی ماڵەوەی لەگەڵ هاوڕێکەی بردووە.

پۆلیس ڕایگەیاند ئاستی مەترسییەکانیان پێش هێرشەکە بەرز کردووەتەوە و تەنانەت لە چالاکیدا بوون لە نزیکی بازاڕێک و قوتابخانەیەکی ئامادەیی بۆ پێشگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو . لە کاتژمێر 11:43 خولەک هەواڵی تەقەکردنیان لە سەنتەری ئیسلامی پێ گەییشتووە.

پۆلیس هەروەها دەڵێت ''کاتێک ئەفسەرەکانمان گەییشتنە ئەو جێگەیە، سێ قوربانی لەوێ بوون کە یەکێکیان پاسەوانی ئەو شوێنە بووە.''