باری نائاسایی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا ڕادەگەیەنرێت

دوای مردنی 80 کەس لە ئەفریقا و تووشبوونی شەش ئەمەریکایی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، باری لەناکاوی تەندروستی گشتی بۆ ئەم نەخۆشییە ڕاگەیاند.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان (CDC ) لە ئەمەریکا ڕایگەیاند ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بارودۆخەکە و هەوڵ دەدات بە سەلامەتی بیانگەڕێنێتەوە.

ناوەندەکە بە ڕۆژنامەوانانی وت باری لەناکاوی بۆ دۆخەکە چالاک کردووە و کارمەندی زیاتری خۆی بۆ هەر یەک لە ئۆگەندا و کۆنگۆ دەنێرێت. لە ئێستادا نزیکەی 30 کارمەندییان لە کۆنگۆ هەیە.

ساتیش پیلای، بەڕێوەبەری هەنگاوەکان سەبارەت بە پرسی ئیبۆلا لە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک بدات سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکاییەکان لەنێو تووشبوواندان یان نا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مەترسییەکان لەسەر ئەمەریکا لە ئاستێکی نزمدایە.

ئەم پەتایە بەهۆی ڤایرۆسی بوندیبوگیۆیە کە جۆرێکی ئیبۆلایە و هەتا ئێستا هیچ چارەسەر و کوتانێک بۆ ئەم جۆرە بەردەست نییە. ئەمەش سێیەم جارە لە دوای دۆزینەوەی لە ئۆگەندا لە ساڵی 2007ەوە بڵاو دەبێتەوە.

زۆرینەی کەیسەکان لە پارێزگای لتووری لە ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆن، بۆ کینشاسای پایتەخت، ڕۆژهەڵاتی شاری گۆما و کامپالای پایتەختی ئۆگەنداش گوازراونەتەوە.

جای بهاتاچاریا بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ڕایگەیاندووە ناوەندەکەیان ئەزموونێکی زۆری لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیبۆلا هەیە و لە نزیکەوە کار لەگەڵ شوێنە تووشبووەکان دەکەن.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە کۆنگۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکایی ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ هیچ مەبەستێک سەردانی پارێزگای لتووری نەکەن و جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی ئەمەریکا ''تواناکانی زۆر سنووردارە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییانی ئەمەریکایی'' لەم شوێنانەدا.